سەرۆکی شارەوانی ھەولێر گوتی، ئەمساڵ بە گوژمەی ٧٠ ملیار دینار دەرخستەمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە پێشکەش کردووە و رەزامەندی لەسەر دراوە، کە بەشێکی جێبەجێکراون و بەشێکیشی لە قۆناغی تەندەرین دایە و بەشێکیشی وردبینی دەکرێت و جێبەجێ بکرێن، کە پشکی شێری پڕۆژەکان بۆ باشووری ھەولێرە کە گەڕەکی کەمدەرامەتن.
عەبدواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لە رێگەی ھەر شەش شارەوانی ھەولێر دەرخستەمان ئامادەکرد لەوەی گەڕەکەکانی ھەولێر پێویستیان بەچی ھەیە لە قیرتاوکردن و ئاوەڕۆ و ھەر بابەتێکی دیکە، ئەوەش لەسەر دوو داھاتە، یەکەم داھاتی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر کە ١٥% ئەوەیان بۆ پڕۆژەکانی بچووک و مامناوەند بەکار دێنین کە بۆ ئەمساڵ بە گوژمەی ٤٠ ملیار دینار دەرخستەمان ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی کردووە، کە بەشێک جێبەجێ کراون و بەشێکی لە قۆناغی تەندەرین دایە و بەشێکیش وردبینی بۆ دەکرێت ئەوانیش جێبەجێ بکرێن".
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: "لە رێگەی پارێزگاش بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگامان ھەیە کە بە گوژمەی ٣٠ ملیار دینار دەرخستەمان بۆ ڕەوانە کردوون ھەر ئەمساڵ، بەشێکی چۆتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکیشی لە تەندەرینە و بەشێکیشی لە وردبینی کردنە، بۆیە ئەمساڵ بەگوژمەی ٧٠ ملیار دینار دەرخستەمان بۆ وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای ھەولێر ڕەوانە کردووە ، لەوانە ٦٠%ی پڕۆژەکان بۆ باشووری ھەولێرە کە ئەو گەڕەکانەی کەمدەرامەتن، چونکە باکووری ھەولێر دۆخی باشترە لە ھەموو ڕوویەکەوە، بۆیە گرنگی زیاتر بە باشووری ھەولێر دەدەین، کە ئەمەش مانای ئەوە نیە لە باکووری ھەولێر کارمان نەکردووە، بەڵام پشکی شێر بۆ باشووری ھەولێر بووە".
ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ئێمە کارگەی قیری شارەوانیمان ھەیە، کە بەردەوام سیانەی ئەو شوێنانەی تێکچوون دەکرێت و چاکیان دەکەینەوە کە ڕۆژانە ھەزاران تەن بۆ چاککردنەوەی شەقامەکان بەکار دێنین، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان بکرێت و گرفتی ھاتووچۆیان نەبێت
وەڵام بدەوه