شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت کە ئەمشەو لە هەرێمی کوردستان ساردترین شەوی پاییزی ئەمساڵ دەبێت و پلەکانی گەرما لەژێر سفرەوە دەبێت.
ئەمشەو شەممە 14/12/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "درەنگانی ئەمشەو بۆکاتی بەرەبەیان شەممە لەسەر یەکشەممە ساردترین شەوی پاییزی ئەمساڵ دەبێت و لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لەژێر سفرەوە دەبێت و دیاردەی شەختە (زوقم) دروست دەبێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "ساردترین ناوچەی هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دەبێت و پلەکانی گەرما بۆ یەکەمجار لەم ناوچانە -15 بۆ -17 پلەی سیلیزی لەژێر سفر تێپەڕدەکات و هەولێر و سلێمانی ساردترین گەورە شاری هەرێمی کوردستانن پلەکانی گەرما لە هەولێر دەگاتە -3 پلە ژێر سفری سەدی و لە سلێمانیش دەگاتە -5 پلە پلە لەژێر سفری سەدی، لە قەزای پێنجوێن و دەورووبەری پلەکانی گەرما درەنگانی شەو بۆ کاتی بەرەبەیان -7 تێپەڕدەکات و لە قەزای ئاکرێش پلەکانی گەرما دەبێتە -5 پلە لەژێر سفر."
روونیشی کردووەتەوە: "سبەی یەکشەممە کەشوهەوا لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە و بۆ ماوەیەک پەستان بەرز و وشکە ساردی جێگەی دەگرێتەوە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان لەڕۆژدا پلەکانی گەرما نزم دەبێت و لەشەواندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و دەگاتە ژێری سفری سەدی بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان لە شەواندا کەشێکی زۆرسارد دەبێت."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئەوەشی خستووەتە روو کە لە 20/12/2024، بەدواوە پێشبینی دەکرێت کەشێکی ناسەقامگیر هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەسەر نەخشە بەدیارکەوتووە، بەڵام جێگیر نییە.
وەڵام بدەوه