قڕکردنی رەگەزێکی دیاریکراو لە مرۆڤەکان لە پانتای مێژووی نووسراوو نەنووسراودا، کردارێکە لە ناخێکی ڕقاویی و هەڵگری تووندوتیژی و تینووی کوشت و بڕەوە سەرچاوە دەگرێ.
جینۆساید کردارێکە هەڵگری سیفەت و رەگەزێکی ڕەگەزپەرەستی و سڕینەوەی ئەوانیترە.
دەرەنجامە دڵتەزێنەکانی ئەم کردارە هەمیشە لە حاڵەتی چرۆ کردندا و لە میانەی چەکەرە کردنی هەستێکی شۆفینی و دژەئینسانیەوە، بەرهەمهێنەری دونیایەکی پڕ لە تراژێدیاو ناشرینی و چەوتی و نائومێدین.
ئەنفال تا ئەبەد هاوشێوەی رووداوە تراژێدیائاساکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە چەشنی لەکەیەکی نەنگ و پڕ لە شەرمەزاری لە ئاست ئینسان بووندا، وەک تێگەیشتنێکی جێگیر و هێمای بێنرخ و بێ بەهاکردنی مرۆڤ لە رووبەری هزروبیری کورددا دەمێنێتەوە.
لێکەوتەکانی ئەنفال وەک حاڵەتێکی نێگەتیڤی سایکۆسۆسیۆلۆجی لە ناخی تاکی کورددا تا ئەبەد بە زیندوویی و بەردەوام خۆی نمایش دەکات و وا بە ئاسانی ناسڕێتەوە.
ئەنفال نە چیرۆکە نە داستانە. تروپکی مەرگەسات و لوتکەی نەهامەتی و بەسەرهاتی گەلێکە.
وەڵام بدەوه