میدیای یەکێتی بڵاوی کردۆتەوە، سبەی شەممە 30ی 11ی 2024، گرووپێک کەس ئازاد دەکرێن کە ئەوان بە بێسەروشوێنکراو ناویان بردوون و لە بنەمادا ئەو تیرۆریستانەن کە لە پێش ساڵی 2017 بە تۆمەتی تیرۆر گیراون.
میدیای یەکێتی لە زاری وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عەرەبی کەرکووک و یەکێک لە لایەنەکانی رێککەوتنەکەی هۆتێل رەشیدەوە بڵاوی کردۆتەوە کە سبەی گرووپی یەکەمی بێسەروشوێنکراوان ئازاد دەکرێن.
پێشتر عەرەبە هاوپەیمانەکانی یەکێتی لە کەرکووک رایانگەیاندبوو کە خاڵێکی رێککەوتنەکەی هۆتێل رەشیدی بەغدا، ئازادکردنی ئەو کەسانەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانە لە ساڵانی پێش 2017 بە تۆمەتی تیرۆر لە سنووری کەرکووک گیراون و بەشێکیان لە شەڕەکانی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان دەستگیر کراون.
لەمبارەیەوە بەختەوەر سەپان، پارێزەر و چالاکی سیاسی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، نابێ هیچ تۆمەتبارێک بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ لە زینداندا بێ و دەبێ لەم ماوەیەدا دۆسیەکەی یەکلا بکرێتەوە، کەسیش نابێ بە رێککەوتنی سیاسی و لە دەرەوەی بڕیاری دادگا ئازاد بکرێت.
گوتیشی: "بە ئازادکردنی ئەو کەسانە کە بەشێکیان رەنگە دەستیان بە خوێنی چەکدارانی یەکێتیش سووربێت، یەکێتی گومانێکی گەورە دەخاتە سەر خۆی، چونکە ئەگەر ئەو کەسانە تاوانبارن، ئەوا دەبێ سزاکەیان تەواو بکەن، ئەگەریش بێتاوان گیراون، ئەوا دەبێ یەکێتی ئۆباڵی ئەوە لە ئەستۆ بگرێ کە کەسانی بێتاوانی بۆ چەندان ساڵ بێسەروشوێنکردووە."
دووپاتیشیکردەوە:"بەهەردوو بارەکە یەکێتی سبەی هەڵەیەکی گەورە دەکات و جارێکی دیکە دەیسەلمێنێ کە هاوشێوەی میلیشیاکان رەفتار دەکا و رێز لە یاسا و رێکارە یاساییەکان ناگرێ."
وەڵام بدەوه