Kurdistan Press - کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاییکرا کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاییکرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاییکرا

بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی ئەمەریكا و عێراق كردوویانە، مانگی سێپتێمبەری 2026 لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش كۆتایی یەكجارەكی بە ئامادەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانان بە ئەمەریكاشەوە دێت. شارەزایەكی وردی سیاسەتی ئەمەریكاش بەشەش خاڵ دەیخاتەڕوو، كە ئەمەریكای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق ناكشێتەوە.

لەم ڕۆژانەدا ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ لە ڕۆژئاوا و چ لە ڕۆژهەڵات، سەرقاڵی كردنەوەی كۆدەكانی سیاسەتی ڤیرژنی دووەمی دۆناڵد ترەمپن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە ئایا دۆناڵد ترەمپ پابەند دەبێت بەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان ئیدارەی بایدن و حكوومەتی عێراقیدا كراوە؟

لەمبارەیەوە د.عادل باخەوان دەڵێت، ترەمپی ڕادیكاڵ كە زیاتر لە شۆڕشگێڕێك دەكات تا سەرۆكێكی ئاسایی گەورەترین زلهێزی دنیا، شۆڕشگێر بە مانا قامووسییەكەی نەك بەمانا ئەخلاقییەكەی، ئەو سەرۆكەیە كە هەروەك نابێت چاوەڕوانی هیچی لێ بكرێت، ئاواش دەكرێت چاوەڕوانی هەموو شتێكی لێ بكرێت. لێرەوە ناوەندەكانی بیركردنەوە، توێژینەوە، وردبوونەوە، لێكۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیج بەدووری نازانن كە دۆنالد ترەمپ، لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری سەرەكی لە ڕێككەوتنی نێوان ئیدارەكەی بایدن و حكوومەتەكەی سودانی پاشگەز ببێتەوە.

عادل باخەوان چەند هۆكارێك دەخاتەڕوو، هۆكاری یەكەم: بریتییە لە دروستكردنەوەی متمانە لای دۆستە ستراتیجی و مێژووییەكانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەن لە كۆی ناوچەكەدا. لەوانە ئیسرائیل، عەرەبی سعوودیە و كورد. ڕاستە هەر یەكێك لەم سێ ئەكتەرە پێویستیان بە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەیە، بەڵام واشنتنیش لەبەرانبەر چین و ڕووسیا و هاوپەیمانەكانیاندا، پێویستی ستراتیجی بە هەر یەكێك لەم سێ ئەكتەرە هەیە.

هۆكاری دووەم: عێراق زیاتر لە هەزار و 200 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. ئەگەر یەكەم مۆتەكەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتی بێت لە ژێرخانی چەكی ئەتۆمی ئێرانی، بەدڵنیاییەوە عێراق نزیكترین شوێن و ستراتیجیترین سەرزەوینە كە چاودێریی ئێرانی لێ وەبكرێت و ئەمەش بەبێ بنكەی سەربازی و ئامادەیی سەربازیی كارێكی یەكجار ئەستەمە.

سێیەم: سەرەڕای هەموو شكستەكان و هەموو تراجیدیاكانی عێراقی پاش سەدام حوسێن، هیچ كەسێك بەقەدەر ئەمەریكا بەرپرسیاری یەكەم نییە لەو دۆخەی كە لە ئێستە و ئێرە لە عێراقدا هەیە.

عادل باخەوان ئەوەش دەڵێت: ئەگەر واشنتن بیەوێت لەم وڵاتەدا كە زیاتر لە چوار هەزار سەربازی كردووە بە قوربانی و هەزاران ملیار دۆلاری خەرج كردووە، حكوومەتێك هەبێت لەبەرەی ئەودا بێت و دوژمنەكانی ئەمەریكا لە دژی بەرژەوەندییەكانی خودی ئەمەریكا بەكاری نەهێنن، دەبێت پارێزگاری لە بنكە سەربازییەكانی بكات، چونكە دیپلۆماتی بێ سەرباز، دیپلۆماسییەتی بێ هێزی سەربازی، هەمیشە لاواز و لەرزۆك لەسەر شانۆكان دەردەكەوێت و دەبینرێت.

چوارەم: لە عێراقدا زیاتر لە 80 ڕێكخراوی میلیشیایی ئامادەن و لوولەی تفەنگەكانیان لەسەر دڵی نەك حكوومەت، بەڵكو دەوڵەتی عێراقیشە. ئەم میلیشیایانە تەنیا و تەنیا لە یەك زمان تێدەگەن كە بریتییە لە هێز. كشانەوەی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراقدا، واتە بەمیلیشیاییكردنی یەكێك لە دەوڵەتە هەرە گەورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە عێراقە، واتە رادەستكردنی عێراق بە میلیشیاكان، واتە بە میلیشیاكردنی نزیكەی 44 ملیۆن عێراقی. بێگومان ئەمەش مەترسییەكی ستراتیجی گەورەیە لەسەر كۆی ئامادەیی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

پێنجەم: ئەگەر ئەمەریكای دۆناڵد ترەمپ عێراقیش تەنیا وەك كێڵگەیەك بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەكانی بزنسدا ببینێت، بەدڵنیاییەوە هیچ وەبەرهێنانێك ناتوانێت جێگەی خۆی بكاتەوە و گرەنتی مانەوە و بەردەوامی هەبێت، بەتایبەتی لە دۆخی عێراقدا، بەبێ ئامادەیی هێزێكی سەربازی چاودێریكار و پارێزگار كە بەرهەمهێنەرانی زەبروزەنگ، لە دەوڵەتێكدا كە مۆنۆپۆلی زەبرزوەنگی لە دەست داوە، سڵی لێ بكەنەوە، بەشێكە لە موستەحیل.

شەشەم: دەكرێت واشنتن لە سعوودیە و ئیسرائیل و ئوردن و قەتەر و بەحرێن و كوێتەوە چاودێریی عێراق بكات، بەڵام هەرگیز ئەم چاودێرییە جێگەی ئەوە بۆ ئەمەریكا ناگرێتەوە كە ئامادەیی سەربازیی تۆكمەی لەسەر زەوین و لەناو خودی عێراقدا هەبێت. ڕاستە دەرەوە گرنگە، بەڵام بەبێ ئامادەیی لە ناوەوە، دەكرێت زۆربەی هەرە زۆری پلان و نەخشە و سیناریۆكان، زیاتر لە خەیاڵدانەوە نزیك بن تا واقیعێكی كۆنكرێتی. بۆیە هیچ وڵاتێكی دەوروبەر جێگەی بنكەی عەینی ئەسەد لە ئەنبار و حەریر لە هەولێر بۆ هێزەكانی ئەمەریكا ناگرنەوە.

بەبڕوای د. عادل باخەوان ئەم شەش هۆكارە بەشێكی سەرەكین لەو هۆكارانەی كە دەكرێت گریمانەی ئەوە لە ئارادا بێت كە دۆناڵد ترەمپ، كۆی ڕێككەوتنەكەی ئیدارەی بایدن و حكوومەتەكەی سوودانی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێككەوتنێكی نوێ، كە ڕەنگدانەوەی هەست و خەیاڵدانی خۆی بێت، بۆ ئیدارەكردنی پێوەندییەكانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەسەر عێراقی ئیتاردا فەرز بكات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه