بڕیارە لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، لە یەكێك لە گرنگترین پرۆسەكان كە چەند دەیە ساڵێكە نەكراوە، لەو پرۆسەیە چەندان پرسی گرنگ یەكلا دەبنەوە، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوۆردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوا لە كورد و نەتەوەكانی تر لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان دەكات بەشداری لە پرۆسەكە بكەن.
حەسەن مەجید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر پەیامێكی دڵنیاكردنەوەی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دا، واتە ناوچەكانی سنووری مادەی 140ی دەستووری عێراق، كە وەك پارتی چەند تێبینییەكمان لەبارەی سەرژمێری لەو ناوچانە هەبوو.
روونی كردەوە، پارتی لەگەڵ بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكانە لەو پرۆسەیە، چونكە پرۆسەیەكی گرنگی پەرەپێدانی ئابوورییە و هەر وڵاتێك بنكەیەكی زانیاریی پەرەپێدانی ئابووری لەو جۆرەی نەبێت، وەك كەسێكی كوێر وایە بە رێگەیەكی تاریكدا بڕوات.
مەجید دووپاتی كردەوە، پارتی لەگەڵ بەشداری كورد و نەتەوەكانی ترە لە پرۆسەكەدا، ئێمە لەگەڵ پەیامە دڵنیاییكەرەوەكەی سوودانین لە هەولێر، بۆیە سەرژمێری پرۆسەیەكی گرنگە بۆ فەراهەمكردنی بنكەیەكی زانیاریی پەرەپێدان و ئابووری لە سەرانسەری عێراق.
شایەنی باسە چوارشەمی رابردوو پارتی سیاسییە كوردییەكانی كەركووك كۆبوونەوەیەكیان لە بارەگای لقی سێی پارتی ساز كرد، ئەوان گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كرد.
وەڵام بدەوه