وەزارەتی ناوخۆ رای گەیاند، هەندێك لە خاوەنكارەكان زۆرترین كار بەكرێكاری بیانی دەكەن، بەجۆرێك لەبری هەشت سەعات، 15 سەعات كاریان پێ دەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی تشرینی دووەم، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەندێك لە خاوەنكارەكان زۆرترین كار بەكرێكاری بیانی دەكەن، بەجۆرێك لەبری هەشت سەعات، 15 سەعات كاریان پێ دەكەن.
هاوكات گوتیشی، تاوانی نێودەوڵەتی یان ڕێكخراوی سنووربەزێن پەیدا بوون، وەك تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئەم جۆرە تاوانە دوو جۆرە كۆمەڵگە دەكاتە قوربانی.
هێمن میرانی ئەوەشی گوت، خەڵكێكی زۆر هەن بازرگانی بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەن و بە قاچاخ دەیانبەنە وڵاتانی تر، ئەمەش گوایە لە ئەوروپا ژیانێكی شاهانە هەیە و هاووڵاتییەكەش بۆ ئەوەی بگات بەو ژیانە، هەرچیی لە كوردستاندا هەیە، دەیفرۆشێت و خۆی رادەستی ئەو بازرگانانە دەكات.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەو خەڵكە بیانییەی دەهێنرێن لە كوردستان كار بكەن، شوێنێكی باشی مانەوەی بۆ دابین ناكرێت، كاتێك نەخۆشە نابرێتە نەخۆشخانە، ئینتەرنێت و مۆبایلی پێ نادرێ بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ كەسوكاری بكات، ئەمە جۆرێكی تری بازرگانیكردن بە مرۆڤە".
هێمن میرانی دەشڵێت: "ئێمە میلەتێكین مێژووی 100 ساڵەی ڕابردوومان چەوسانەوە بووە، ئەم شتانە نامۆیە بە كۆمەڵگەی ئێمە، ئافرەتێكی بیانی لەناو ماڵەكانمان بچەوسێنینەوە، نامۆیە بازرگانێك پێنج كرێكار لەلای كار بكات، لە جیاتی ئەوەی هەشت سەعات كاریان پێ بكات، 15 سەعات كاریان پێ دەكات.
بەڕێوەبەرەكەی ئەو وەزارەتە باسی لەوەش كرد، ئەم هۆكارانە وایانكردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا بكات بەڕێوەبەرایەتیی ڕێكخراوی تاوان كە نووسینگەیان لە دهۆك و پارێزگاكانی تری كوردستان هەبێت، سنوورێك بۆ بەزاندنی شكۆی مرۆڤ دابنرێت.
وەڵام بدەوه