بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، پێشمەرگە و زێرەڤانی و هێزەكانی ناوخۆ، هاوشێوەی فەرمانبەران زەوییان پێ دەدرێت. دەشڵێت: "ئەمجارە زۆرترین ناو ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین فەرمانبەر زەوییان بۆ دەربچێت، ئەمجارە لە پێنج هەزار ناو دەبێتە نزیكی 10 هەزار ناو."
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند: "پێشمەرگە و زێرەڤانییش هاوشێوەی فەرمانبەران زەوییان پێ دەدرێت، وردبینی لە لیستی ناوی وەزارەتی پێشمەرگەش دەستی پێكردووە و ژمارەی ئەوانیش زۆرە و فۆڕمەكان وردبینی دەكرێن، سەبارەت بە زێرەڤانییش، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدان و وردبینی لە لیستی فۆڕمەكانی ناوخۆ دەستی پێكردووە و ئەوانیش بەپێی رێكار و رێنوێنییەكان زەوییان پێ دەدرێت."
ئاماژەی بەوەش دا: "هەرکاتێ وردبینییان تەواو بوو و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لیستەكان وەرگیرا، ئەوە دەنێردرێنەوە بۆ شارەوانییەكانی تایبەتمەند و ئەوانیش هاوشێوەی فەرمانبەران، تیروپشك بۆ زەوییەكانی پێشمەرگە و زێرەڤانی و كارمەندانی ناوخۆ دەكەن."
سەربەست مەولوود راشیگەیاند، ئەوان لە وەزارەتی شارەوانی وردبینی فۆڕمەكان دەكەن و لیستی ناوەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەكەن، بەڵام تیروپشكی دابەشکردنی زەوی لای شارەوانییەكانە، گوتیشی: "شارەوانیی پەیوەندار زەویی ئامادەی هەبێ، دوای گەڕانەوەی لیستەكان تیروپشك دەكات، ئەگەر زەوییش ئامادە نەبێـت، ئەوا دابەشكردنەكە دەكاتە وەجبە وەجبە، تاوەكوو زەوی ئامادە دەكات."
ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی روونیشی كردەوە: "شارەوانیی هەولێر پێنج هەزار پارچە زەوی دابەش كرد، ئەمجارە زۆرترین ناو ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین فەرمانبەر زەوییان بۆ دەربچێت، ئەمجارە زیاتر لە پێنج هەزار ناو دەبێت، كە نزیكەی 10 هەزاریان زیاتر لەو ژمارەیە دەبێت، هەروەها بۆ سلێمانی و دهۆك و ناوچەكانی دیكەش ژمارەكە زیاتر دەبێت و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت"
جەختی کردەوە، دابەشکردنەکە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و هەموو فەرمانبەران و هێزەکانی ئەمنی بەپێی بڕیار و رێنوێنی سوودمەند دەبن لە پێدانی زەوی.
هەر فەرمانبەرێك، كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی وردبینی لە فۆڕمی زەوی بەردەوامە، گوتیشی: "بەشی زۆی وەزارەت و فەرمانگەكان فۆڕمی زەوییان تەواو كردووە، ئەوانەیشی كێشەیان هەبووە بۆیان رەوانە كراوەتەوە و بەشێكی زۆریان دووبارە چاكیان كردووەتەوە و تیمەكانی وردبینی لە بەیانییان تاوەكوو شەو كاریان بەردەوامە."
رۆژی، 17ی 10ی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكرای كرد، وەکوو قۆناغی یەکەم لە هەولێر تیروپشكی بۆ پێنج هەزار پارچە زەوی فەرمانبەران کرا و دەست بە پڕۆسەی دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران كرا.
وەڵام بدەوه