گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژە لە بەغدایە و گوتیشی: "دەمانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچە نەهێڵین."
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران پرسی سەرژمێریی و مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ کرا."
گوتیشی: "کابینەی نۆیەم تا پێکهێنانی کابینەی نوێ لە کارەکانی بەردەوام دەبێت."
لەبارەی مووچەی مانگەکانی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ساڵ رایگەیاند: "تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژە لە بەغدایە و دەمانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچە نەهێڵین.
پێشەوا هەورامانی جەختیشی کردەوە: "لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین کە لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی 10 بنێردرێت، هەروەها مووچەی مانگەکانی داهاتووش نافەوتێت.
گوتیشی: "بابەتی مووچە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لێداوە کە نابێت تێکەڵی بابەتی سیاسی بکرێت."
ئاماژەشی بەوە دا کە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو 200 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن.
وەڵام بدەوه