KurdistanPress...

CLOSE

13 بڕیار بۆ ھەولێر دەرچوو

بە مەبەستی ئامادەكارییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، پارێزگای هەولێر 13 بڕیاری دا و لە بەشێكی بڕیارەكاندا هاتووە كە نابێت وێنە، پۆستەر، دروشمی كاندیدان بە مادەی وەك لەزگە و غەرە هەڵبواسرێت و ناشبێت فەرمانگە حكوومییەكان، نەخۆشخانە و قوتابخانەكان بانگەشەی هیچ كاندیدێكی لێ هەڵبواسرێت. 

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوولی 2024، لە راگەیەنراوێكی لیژنەی تەناهیی "ئەمنی" پارێزگای هەولێر هاتووە، له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگای هەولێر و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هەروەها بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، ئێوارەى ئەمڕۆ لیژنەى تەناهیی پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە چەندان بڕیاری تیادا درا. 

بەپێی راگەیەنراوەكە بڕیارەكان بەم شێوەی خوارەوەن: 

یه‌كه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتووچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاووڵاتییان.

دووه‌م/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌ی لێكده‌ر وه‌ك "له‌زگه‌ یان غه‌ره" لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 

سێیه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوار رییان و ترافیك لایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.

چواره‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكوومیه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.

پێنجه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت. 

شه‌شه‌م/ نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت. 

حه‌وته‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دوورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت.

هه‌شته‌م/ له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكوومى به‌كاربهێنرێت. 

نۆیه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدار و نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ستوونى ڕووناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت. 

ده‌یه‌م/ له‌هه‌ر‌ حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هاوئاهەنگیی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌یه‌م/ له‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى پێوەندار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. 

دوازده‌یه‌م/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژرادن، له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى تەناهیی پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە رێنوێنییەكان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه