وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەمویل دەست پێدەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند: "70%ی ڕێکار و کاروبارەکانی مووچە تەواو بووە، بە ئەگەری زۆرەوە سبەی دووشەممە 2/9/2024، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش دا: "نزیکەی 800 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقە و ئەمڕۆ ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەست پێدەکەن و ئەگەر تەواو بێ، هەوڵ دەدرێ خشتەی مووچەش بڵاو بکرێتەوە."
وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی حەوت پێویستیان بە 956 ملیار دینارە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ڕوونیشی کردەوە، چاوەڕوان دەکەن، لەم هەفتەیە پارەی دیکەش تەمویل بکرێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو: "لە بەغدا پێمان ڕاگەیاندراوە مووچەی خانەنشینانیش بە هاوتای بەغدا دەدرێت و بۆ ئەوەش دوێنێ گەنجینەکان و فەرمانگەکانی خانەنشینی کارەکانی خۆیان تەواو کردووە."
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی گەنجینە راگەیاند: "بۆ مووچەی مانگی حەوت هەموو شتێک ئامادەیە و لیست ڕابگەیەندرێت، بە کاتێکی کەم چەکەکانیش بەسەر وەزارەت و فەرمانگەکان دابەش دەکرێن."
نزیک 37 ڕۆژە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕەوانەی بەغدا کردووە و زیاتر لە 53 ڕۆژیشە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمووزیان وەرنەگرتووە.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشەکانی مووچەی مانگی حەوت و هەشت لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و چەند ڕاسپاردەیەک ئامادە کراوە و بڕیارە لەم هەفتەیە ئەنجامەکانی دەربکەوێ.
وەڵام بدەوه