ئەمڕۆ چوارشەم 28ی ئاب، داواكاری گشتی لە سوید دوو تۆمەتباری رەوانەی دادگا كرد بە تۆمەتی گڕبەردان لە قورئانی پیرۆز و یەكێك لەوانیش سەلوان مۆمیكای عێراقییە بە تۆمەتی هاندانی رق و كینە، ئەمەیش دوای ئەوە چەند جارێك بە ئاشكرا و بەربەرچاوی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2023دا قوڕئانی سووتاند، كە دوای ئەوە ناڕەزایەتی زۆری وڵاتانی ئیسلامی لێ كەوتەوە.
بەپێی بەیاننامەی داواكاری گشتی ئەم دوو كەسەی رەوانەی دادگا دەكرێن، هەردووكیان تۆمەتبارن بە هاندان بۆ توندوتیژی لە چوار كردەی جیادا كە لە شوێنی گشتیدا قورئانیان سووتاند.
لای خۆشییەوە، ئەنا هانكیو داواكاری گشتی لە بەیانێكدا رای گەیاند، ئەم دوو پیاوە بە هۆكاری لێدوانەكانیان و هەروەها مامەڵەیان لەگەڵ قورئان بەشێوەیەك مەبەست لێی دەربڕینی سووكایەتیكردنە بە مسوڵمانان بەهۆی ئاینەكەیانەوە دادگایی دەكرێن.
لەبارەی بەڵگەكانیشیەوە داواكارەكەی گشتی روونی كردووەتەوە كە تەواوی بەڵگەكانی دژی ئەو دوو تۆمەتبارە تۆماركراون و بەشێوەی ڤیدیۆن.
شایەنی باسە دوای سووتاندنی قورئان لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە دەزگای ئاسایشی ناوخۆی سوید رێكار و یاساكانییان بەرانبەر ئەم كارانە توندتر كرد، بە تایبەت كە ناڕەزایی زۆری كۆمەڵگەی مسوڵمانانی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەڵام بدەوه