لەم هەڵبژاردنەدا.. پارتی دووەم دەبێت
ئەوەی تا ئێستا مەعلومە و قەراری لێ دراوە، لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، مامەعنا نزیكەی مانگێك ماوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەدەر لەوەش هیچ شتێك مەعلوم نییە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە بەچڕی دەستی پێكردووە، تەنانەت ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پابەندی ڕێنماییەكانی خۆی بێت، جگە لە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێ زۆرینەی لیست و قەوارە و كاندیدە (سەربە-خۆ)ـكانیش بەهۆی سەرپێچیكردن سزا بدات.
(هەركات) هەڵبژاردن بكرێت، پارتی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە دەبێت، بەڵام براوەی سێیەم كێ و چ لایەنێك دەبێت؟ ئەوەیان فەتاحفاڵەكانیش نایزانن، چونكە زۆرن ئەو لیست و لایەنانەی بانگەشەی یەكەمبوون دەكەن و بە سێیەم و چوارەمیش دەرناچن.
بەبێ دروستكردنی فەوزا و دوور لەم هەڵچوون و جنێودان و شەڕفرۆشی و خۆگیڤكردنەوەیەی ئەموئەو دەیكەن، پارتی ئامادەكاریی خۆی دەكات، لەڕاستیشدا هەر تەبیعەتی پارتی وەهایە، هەمیشە كە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، هێمن و لەسەرخۆیە، هێندەی كار بۆ براوەی یەكەم دەكات، نیو هێندە كار بۆ لیستەكەی خۆی ناكات، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە براوەی یەكەم لەخۆی باڵادەستتر بێت و دواتریش هەموو دەنگ و ئیستیحقاقە پەرلەمانییەكانی خۆی دەخاتە خزمەتی براوەی یەكەم.
پارتی لە دوو شتدا بە ئەعسابێكی ساردەوە كار دەكات، "ئیعلام و بانگەشەی هەڵبژاردن"، لەوكاتانەی ئەوانەی دیكە هەڵدەچن و پڕدەدەنە پارتی، ئەو دێت بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە و ناوەرۆكەكەی بریتی دەبێت لە بانگەشەو پارێزگاریكردن لە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، پارتی ماڵۆچكە دروست ناكات و دواتر ببێتە كەلاوەیەكی وێران و كەس بەلایدا نەچێت، بەڵكو ماڵێك دروست دەكات جێگەی هەمووانی تیاببێتەوە، بۆیە بەلای پارتییەوە هەمیشە خۆی براوەی دووەمە و براوەی یەكەمیش هەرێمی كوردستانە، ئەو هەرێمەی ئەوانیتر هەوڵی ڕووخاندنی دەدەن و پارتیش دەیەوێ بیپارێزێت و ئاییندەی لە ئەمڕۆ باشتر و داهاتووی لە ڕابردوو گەشتر بێت.
وەڵام بدەوه