بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، زوو سەردانی بریكارەكانی خۆراك بكەن بۆ بەو مەبەستەش دەڵێت: "با بەهۆی گەرماوە بەشەخۆراكتان تێكنەچێت."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "بەهۆی گەرمای بەتینی هاوین و نەبوونی ساردکەرەوەی پێویست لە دووکانی بریکارەکاندا، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین زوو سەردانی بریکارەکانی خۆراك و ئارد بکەن,"
ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەو داواكارییە بۆ ئەوەیە، هاووڵاتیان سوود لە خۆراكەكان وەربگرن و تێكنەچن.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەشەخۆراک، نەوزاد شێخ کامیل، گوتی: "ماوەی هەفتەیەک زیاترە بەشەخۆراکی شەشەم دابەش دەکرێت و ڕۆژانە بە ڕێژەیەکی باش بەشەخۆراک دەگاتە لای بریکارەکان و ئەوانیش بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەکەن، کە لە چەند مادەیەکی سەرەکی پێکهاتووە، گرنگە هاووڵاتیان زوو سەردانی بریكارەكان بكەن.
جەختیشی كردەوە، بەشەئاردی شەشەمیش بە تەواوی دابەش كراوە.
لای خۆیەوە دلێرعەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ڕاگەیاند: "چەند زووتر هاووڵاتیان بچن بەشەخۆراكی خۆیان وەربگرن باشترە، چونكە وەرزەكە گەرمە و باش نییە لای بریكارەكان بێت و فشاریان لەسەر دروست بێت و خۆراكەكان تێكبچن."
وەڵام بدەوه