لە گەڕەكی گەڕەسوور و تەعجیل پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی دەستی بەكارەكانی كردەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2022 كارەكانی وەستا و بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەیش مەترسییەكانی لافاو كەمتر دەبێتەوە و هەزار خێزانیش لێی سوودمەند دەبن و هاتوچۆیان ئاسانتر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی شارەوانی بنەسڵاوەدا هاتووە، ساڵی 2022 بە گوژمەی 648 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەولێر پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی گەڕەسوور و تەعجیل فەرمانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نەخوازراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە كارەكانی راگیرابوون.
ئێستە كە دۆخی دارایی مووچە بەرەو چارەسەر بوون دەڕوات و فۆكەسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو داهاتە ناوخۆییەی بەردەستی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە، پڕۆژەكە دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە و وەك لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی بنەسڵاوەدا روونكراوەتەوە، خۆشبەختانە ئەم پڕۆژەیە دەستی بە کار کردەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
لەبارەی وردەكاری پڕۆژەكەیشەوە، شارەوانییەكە ئاماژەی داوە كە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە پێكهاتووە لە بڕین بەڕووبەری 46 هەزار مەتر دووجا، تێکەڵەی جۆری Aبەڕووبەری 38 هەزار مەتر دووجا، فەرشکردنی چەگلی شکاو بەڕووبەری 22 هەزار مەتر دووجا و ئاوەڕۆی لوولەیی تیرە 120 سەنتیمەتر بەدرێژیی هەزار و 350 مەتر و ئاوەڕۆی تیرە 75 سەنتیمەتر بەدرێژی 600 مەتر.
لەبارەی سوودی پڕۆژەكەیشەوە ئاماژە بەوە كراوە كە بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە هەزار خێزانی دانیشتووانی ناوچەكە لێی سوودمەند دەبن و هاتوچۆکردنیان ئاسانتر و باشتر دەبێت و هاوكات مەترسی روودانی لافاویش كەمتر دەكرێتەوە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە گرنگی تەواوی بە ئاوەدانی داوە، هەر كاتێك پارە و بودجەی پێویستی بەردەست بووبێت درێغی نەكردووە لە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەدا و لەمبارەیشەوە "زریان سەباح" سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوە راگەیاند، هەر كاتێك كە هەستكرابێت پارە لەبەردەستە و توانا هەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، حكوومەت بەردەوامیی بە پڕۆژە وەستاوەكان داوە و پڕۆژەی نوێشی راگەیاندووە
ئەم قسانەی سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوە لەكاتێكدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی رای گەیاند، گەشبینن بە چارەسەر بوونی یەكجاری كێشەی مووچە زیاتر دەستكراوە دەبین بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری.
وەڵام بدەوه