ئاوات شێخ جەناب بەنیازە پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، هەوڵەکانیشی بۆ ئەو مەبەستە چڕکردووەتەوە، یەکەم هەنگاویشی دەستلەکارکێشانەوەیە لە پۆستە حکومییەکەی. چەند ڕۆژێكە هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە، كە هاوكات هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە و لەسەر پشكی ئەو بزووتنەوەیە بووەتە وەزیر.
: هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە ئاوات شێخ جەناب سێ جار دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی گۆڕان کردووە بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ لێدوانێكی نوێ لەبارەیەوە بدات و ڕایگەیاند: "دوای جەژن لەبارەیەوە ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدەین". بە گوتەی دوو هەڵسوراوی دیاری نێو بزووتنەوەی گۆڕان، بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ئاواتی شێخ جەناب پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە و بەگوتەی یەكێک لە سەرچاوەكان "كاک ئاوات دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە فشار بكات تاوەکو ببێتە ڕێكخەری گشتی". بەگوتەی هەڵسوراوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان "ئاوات شێخ جەناب" تاوەکو ئێستا هیچ نامەیەكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە بزووتنەوەكە نەكردووە" پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب، لە بەرپرسیارێتی نێو گۆڕان و حكومەت ئامادەكارییە بۆ بەربژێربوونی وەک ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەهۆی ئەوەی هەر كەسێک لەنێو گۆڕان پۆستی حكومی و ڕێكخراوەیی هەبێت و بیەوێت خۆی بۆ ڕێكخەری گشتی هەڵبژێرێت دەبێت دەست لەكار بكێشێتەوە. عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی گۆڕان تەنیا لە دوو مەكۆ براوە بووە، زۆربەی ئەو كەسانەشی لە مەكۆكان و ژوورەكانی گۆڕان هەڵدەبژێردرێن نزیكن لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بۆیە ئەمجارە دەرچوونەوەی عومەری سەید عەلی لاوازە و ڕێكخەری نوێ سوپرایز دەبێت.
وەڵام بدەوه