وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دواکەوتنی ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی تێدا نییە، دەشڵێت، دەبوایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە.
ئەمڕؤ،، یەکشەممە 2ـی 6ی 2024 پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دڵنیایی دەدەینە هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەستوور دیاریکردووە ئێمە جێبەجێمان کردووە و هیچ کۆسپێک لەلایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە لە پرسی مووچە
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەو سەرکردانەی لە هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، ئەمڕۆ لێرە ئامادەییان هەیە و سەرەڕای ئەوەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان زۆر باش بووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەرێمی کوردستانیش هەمیشە بۆ گفتوگۆ ئامادەبووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا چاوەڕێی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانین.
باسی لەوەش کرد، هەموو لایەنەکانی بەغدا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوو، کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە نابێت مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێڵ بکرێت و مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.
پێشەوا هەورامانی ئاشکرای کرد، بڕیارە لەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک بە بەشداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڕێوەبچێت و پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت جارێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەرچەندە پێشتر ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە کراوە بەڵام پابەندی پێوەی نەکرا و هیوادارین ئەمجارە کە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەوبارەیەوە بکرێت لەنێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکان و هەموو لایەک پێوەی پابەندبن.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی، دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە، ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە و دەبوایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە.
وەڵام بدەوه