Kurdistan Press - حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی بەپەلە لە ئەمریکا دەکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی بەپەلە لە ئەمریکا دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی بەپەلە لە ئەمریکا دەکات

تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، لە وتارێکدا كە بۆ ماڵپەری بەناوبانگی (زە هیڵی)ی ئەمریکی نووسیوە، داوا لە حکوومەتی ئەمریکا و ئیدارەی جۆ بایدن دەکات، هاوکاریی سەربازیی هەرێمی کوردستان بکات و بە زووترین کات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کوردستان دابین بکەن.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وتارەیدا، کە بە ناوی (بۆ دڵنیابوون لەوەی سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپا بێت، دەبێت پێنتاگۆن هاوکاری بۆ کورد دابین بکات)، رایگەیاندووە، هاوکاریکردنی سەربازی و چەک و سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئەمریکی، دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەولێر و واشنتۆن.

هاوكات ڕوونی كردۆتەوە: "کورد کە یەکێکە لەو هاوپەیمانانەی ئەمریکا کە دەتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێ ببەستێت، بەڵام ئێستا کورد لە دۆخێکی مەترسیدان و گرووپ و ملیشیا توندڕەوەکان، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسییەکەمان و هەروەها بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سەربازان و پێگە دیپلۆماسییەکانمان لە هەرێمەکەمان."

هەروەها نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا نووسیوویەتی: "هێزی پێشمەرگە چەکی پێویستیان لەبەردەست نییە تاوەکوو بە تەنیا رووبەڕووی هەموو ئەو مەترسی و هەڕەشانە ببنەوە."

تریفە عەزیز ئاماژە بە گرنگیی هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات: "گرنگە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکوو بتوانین بەرگری لە خۆشمان و هێزەکان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکاش بکەین."

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن نووسیوویەتی: "ئێمە سوپاسگوزاری حکوومەت، کۆنگرێس و خەڵکی ئەمریکاین بۆ زیاتر هاوکاریکردنی کورد لە هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نیشتمانەکەمان." دەشڵێت: ”دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان کە ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە لە ناوچەیەكی پڕ لە کێشە و ناکۆکی، دەبێتە پاراستنی تەواوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکاش لە ناوچەکە".

لە کۆتاییدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریکا رای گەیاندووە: ”بواری کات بەفیڕۆدان نەماوە و دەبێت پێنتاگۆن سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکوو بتوانرێت تەواوی هەرێمەکە بپارێزرێت.“

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه