مهحمود محهمهد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتهبێژی فهرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، له دیمانهیەکی لهگهڵ ماڵپەڕی نوچهنێت، تیشك دهخاته سهر ئهو گۆڕانكاری و پێشهاتانهی، كه ڕووبهڕووی عێراق بوونهتهوه و، دید و بۆچوونی پارتی له بارهی پڕۆسهی سیاسیی له عێراق و ههرێمی كوردستانیش دهخاتهڕوو، هاوکات ئهوهش دەڵێ، كه پهڕاوێكی لێكتێگهیشتن له نێوان پارتی و چوارچێوهی ههماههنگی واژۆ كراوه، كه خاڵی ئهرێنی تێدایە، سەبارەت بە كۆنگرهی داهاتووی پارتیش ئاماژە بەوە دەدا، کە پڕۆگرامەکان هەمووی داڕێژراون و، پەیڕەوی ناوخۆش بەهەمان شێوەی خۆی دەبێت، وە لیژنەی پێویست دروست کراوە و، سەرقاڵی ئیش و کارەکانیانن، لەم ماوەیە دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەکرێت.
پەڕاوی لێکتێگەیشتن لە نێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراوە
مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە تووشبوونی ئاستەنگی گەورە ناو دەبات، ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە کوتلەی گەورەی پەرلەمانی پاشەکشەی کرد، وە گومانیش دەکات لەوانەیە ئەو ئاستەنگ و کێشانەی زیاتر دروست کردبێت، ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە وەک پارتی سیاسەت دەکەن و، لە سیاسەتیشدا هونەری ئەگەرەکان بەکار دێنن، ئەوەش ئاشکرا دەکات، لە ئێستادا پەڕاوێکی لێكتێگەیشتن لە بەینی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێكکەوتن و هاوسەنگی لە حوکمڕانی عێراق، هەروەها لهسهر بنهمای کۆمەڵێک بابەتی دیکە، کە بەلای هەردوو لایانەوە گرینگن.
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە ڕوون دەکاتەوە، کە پهیوهستن بە بابەتی مافەکان و شایستە داراییەکان و، بابەتی مادەی (140) و ناوچە جێناکۆکەکان، کە لهو ماددهیهدا باس كراون، هەرەوەها کۆمەڵێک لەو بابەتانەی تا ئێستا چارەسەر نەکراون و، لە بەینی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی به ههڵواسراوی ماونهتهوه، جەختیش لەوەدەکاتەوە، کە چاوەڕێن تا بزانن هەنگاوەکانی ئەو لایەنانەی دیکەی کە ئێستا دەیانەوێ حکومەت پێکبێنن چۆن دەبێت، وەک پارتی دوورە پەرێز نابن و لەو بابەتەدا خاوەن بڕیار دەبن.
چوارچێوهی هەماههنگی له ناوخۆیاندا كۆك نین
مهحمود محهمهد، دۆخی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ناتەبا ناو دەبات و نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە تا ئێستا بۆ جێگرەوەی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، رێکنەکەوتوون و هەریەکە و کاندیدی خۆیان هەیە. هاوکات ئاماژە بەوەش دەدا، کە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی لە هەڵبژاردن تووشیان بووه، پێکەوە کۆبوونەتەوە و، ئەوان لەسەر هەموو شتێک تەبا نین، تا ئێستاش ڕێککەوتنیان لەسەر ئەم بابەتە نەکردووه، وە کۆمەڵێک بابەتی دیکەش باس دەکات، وەک لەسەر پۆستەکان، وە هەم لەسەر دیدگاکانیان، لەسەر ئەوەی چۆن ئەم وڵاتە بەڕێوە بچێت.
ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە چاوەڕێن بزانن ئەوان لەناو خۆیان به چ جۆرە پێکهاتنێک دهگهن، ئەو پێکهاتنانە چۆن لەگەڵ پێشبینیەکانی پارتی و لەگەڵ ئەو مافانەی کورد هەیانە دهگونجێن، كه لە چوارچێوەی دەستوردا هاتوون.
پێکهێنانی حکوومەت
مهحمود محهمهد، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بە پێکهاتن و پێکنەهاتنی دەگێڕیتەوە سەر هەموو لایانە سیاسییەکان، کە لە بیریاندایە حکومڕانی ئەم وڵاتە چاک بکەن و بەرەو پێشەوەی بەرن، دەشڵێ: "بێگومان حکوومەت دروست بکەن دەکەوێتە سەر ئەو بابەتە، ئەوە ئەوە نییە کە ئێستا بڵێین بەڵێ یان نەخێر، لەبەر ئەوەی دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێت، لەناو خۆیاندا، چ لەگەڵ ئێمە و سوننەکاندا، چ لەگەڵ کورد چ لەگەڵ سونەکاندا. وە لەبەینی خۆشیاندا لە هەموشی گرینگتر ئەوەیە، کە چەند لەناوخۆیاندا هەماهەنگ دەبن، بۆ ئەوەی کە چ باس بکەن لەگەڵ کورد، چ باس بکەن لەگەڵ سوننە".
لەیاسا دەرچووەکان پشێوی دەنێنەوە
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی دیمانەکەیدا، ئاماژە بە موشەک بارانکردنی هەولێر دەدا و، هۆکارێکی بۆ ئەوه دەگەڕێنێتەوە، کە چەك لە دەستی خەڵکێک دایە لە چوارچێوەی یاسادا نین، نایشارێتەوە كاتی خۆی و ئێستایش پارتی و ههندێ لایهنی سوننه و شیعهكان داوای کردووە و دهكهن، چهك له دهستی دهوڵهت بێت، بۆیه دهبینن لێرهولهوێ ههندێ له یاسادهرچوو دهیانهوێت پشێوی بنێنهوه، چونكه ئهوان لهو پشێوییه قازانجی ماددی دهكهن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا حکوومەتی فیدڕاڵی بە بەرپرس دەزانێت و دەڵێ، کە دەبێ قبووڵ نەکات کە جارێکی دیکە ئەم حاڵەتانە ڕوو بدهنهوه، بۆیە دەبێت حکوومەت ئەو دەستەڵاتە بەخۆی بداتەوە، هەوڵ بدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات و نەهێڵێت ئەو کێشانە وا بمێننەوە.
کاندیدی سەرۆک کۆمارمان هەیە تا ئێستاش پشتگیری دەکەین
پۆستی سەرک کۆمار، بۆ کوردە و لە ناو کوردیش له نێوان ههموو لایهنه سیاسییه كوردییهكان، كه براوهی یهكهمیان پارتییە، وە تهنانهت ئهو لایهنانهیش كه كورسییان به دهست نههێناوه، بەبڕوای پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت بە پێکهاتن و بە ڕاوێژکاریی بێت، چونکە ئەو پۆسته نوێنەرایەتی کورد دەکات و پشکی کوردە، "ئێمە نوێنهر و کاندیدی خۆمان هەیە، تا ئێستاش پشتگیری کاندیدەکەمان دەکەین".
هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باش بوون
لەمیانەی دیمانەکەیدا، مەحمود محەمەد، كۆبوونهوهكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ لایەنهکان بە باش ناو دەبات، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە بڕیاری ئەوە درا لیژنەیەک دروست بێت و، ئەو لیژنەیە چاودێری گفتوگۆکان بکات، کە لە سەرۆکایەتی هەرێم، كاك مستەفای سەید قادر سەرپەرشتی دەکات، وە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەیش تێیدا بەشدارن، ئەوەش بۆ ئهوهی ئهو گرفتانەی کە هاتوونە پێش، چۆن چارەسەر بکرێن و چۆن لایهنهكان لێک نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنهكه بكرێت.
ئەوەی بە لای پارتییەوە گرینگە باسی دەکات، ئەویش گرینگی هەڵبژاردنەکەیە، بە پێویستیشی دەزانێت، لایەنەکانی دیکەیش، بەو جۆش و خرۆشییەوە بەرەو پیری هەڵبژاردن بێن.
ئەو بەداخەوە، ئەوەش دەڵێ، ئەو ئاستەنگانەی دروست کرا، وایکردووە ئێستا گومان هەبێت، کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت، یا نا.
بەبۆچوونی گوتەبێژی فەرمی پارتی، گفتوگۆکان باشن، سەرپەرشتیکردنی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەم بابەتە، كه پرۆسهیهكی سیاسییه بۆ لێک نزیکردنەوەی هەموو لایەنەکانه و، وەک چەترێک وێنای دەکات، بۆ ئەوەی لەوێدا لایهنهكان بتوانن گفتوگۆکانی خۆیان بەڕاشکاوی ئەنجام بدەن.
دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەکرێت
بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیمانەکەی مەحمود محەمەد بووە، بۆ ئەو پرسەش، ڕایگەیاندووە، کە بەگوێرهی بارودۆخی ئێستا لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەیوەندی، پڕۆگرامەکان هەمووی داڕێژراون، هەروەها پەیڕەوی ناوخۆش بەهەمان شێوەی خۆی دەبێت، دەشڵێ، ئەم گۆڕانکاریانە بۆ ئهوهیه كه دید و بۆچوونی پارتی، بۆ داهاتوو پەسند بکرێت، وە بڕیاریانداوە و لیژنەی پێویست دروست کراوە، هاوکات ڕێنمایی تایبهتیشیان بۆ دەرچووە و، سەرقاڵی ئیش و کارەکانیانن، لەم ماوەیە دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەکرێت.
وەڵام بدەوه