Kurdistan Press - سەرۆک بارزانی نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی وەفدی میسڕی بڵاوکرایەوە سەرۆک بارزانی نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی وەفدی میسڕی بڵاوکرایەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆک بارزانی نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی وەفدی میسڕی بڵاوکرایەوە

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (وەفد)ـی میسڕی ڕایگەیاند: بەداخەوە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست بووە، لە گفتوگۆ بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.

ڕاشیگەیاند: دوای کشانەوەی سەدر، دۆخەکە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە. جەختیشی کردەوە کە ئێمە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ سەدر هەیە و پەیوەندی بە هاوپەیمانییەتییەکەمانەوە نییە، بەگشتیش هاوپەیمانییەتییمان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دروست نەکردووە، بەڵکو ئێمە پێمانوایە هەر هاوپەیمانییەتیێک لەسەر بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بنیات بنرێت کە بناغەکەی دەستوور بێت و ئامانجەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی هاووڵاتییان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕۆحێکی تەواو نیشتمانپەروەرانە بێت.

 

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە مافەکانی کورد لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوورێکی باش کە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقییەکان زامن بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێیەوە پابەند نەبوونە.

 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان سەرۆک بارزانی گوتی: بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی سەدان گوند، هەروەها بوونەتە ڕێگر لەبەردەم حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، جگە لەوەش بوونەتە هۆکاری کوژران و برینداربوونی سەدان کەسی مەدەنی لەو ناوچانە، بوونەتە بیانووێکیش بۆ داگیرکردنی ناوچەک سنوورییەکان لەلایەن تورکیا.

 

سەرۆک بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکیش سەبارەت بە پێشمەرگە گوتیشی: دامەزراوەیەکی نیشتمانییە کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لەناخی خەڵکەوە وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ سەریهەڵدا و خەباتی کرد و هەزاران شەهیدی لەپێناو کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بەخشی، هەر بۆیە سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن بەغداوە بەسەر پێشمەرگە سەپێنرا، بەڵام ئیرادەی تۆکمە و یەکڕیزی وایکرد ئازایانە بتوانێ ئەفسانەی ترس لە تیرۆریستانی داعش بشکێنێت و ببێتە هێمایەک بۆ بەرخۆدان و خۆڕاگری و ئازایەتی.

لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە ئاماژەی بەوە دا کە بەداخەوە هێز هەیە کار بۆ ئەوە دەکەن یاساکە لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی و کۆکبوونی هەموو عێراقییەکان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی. ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێکبخات، نەک تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لەنێوان هەموو پارێزگاکان و بەرهەمهێنەرەکانیش. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2007ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕاوە و زۆربەی کێشەکانیش چارەسەر دەبوون.

 

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی ئاماژەی بەوەش دا کە تاکڕەوی لە حووکمدا و دوورخستنەوەی کەسانی دیکە، دەستوەردانی دەرەکی و پەراوێزخستنی دەستوور ئەو شتانەن کە من نیگەران دەکەن، چونکە هیوادارم بتوانین هەمیشە بە ئاشتی بژین.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه