تەرزە و باران بۆ جەژن بەڕێوەیە
كەشناسێك رای دەگەیەنێت ئێوارەی ئەمڕۆ، بارانبارین كۆتایی دێ و سبەی شەپۆلێكی تری باران و تەرزە بەڕێوەیە، لە یەكەم رۆژی جەژن كاریگەرییەكەی دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم هەشتی نیسان، ئاراس جەبار پسپۆری كەشناسی بڵاوی كردووەتەوە، سبەی سێشەم ئاسمانی هەرێمی كوردستان، ساماڵ و دوای نیوەڕۆ بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و تاوەبارانی كەم و بروسكە لە هەندێ ناوچەدا بەدیاری نەكراوی دەبێت، پلەكانی گەرما بەراورد ئەمڕۆ سێ تا چوار پلە بەرز دەبێتەوە.
باسی لەوەش كردووە، سبەی ئێوارە قۆناغی دووەمی ناجێگیریی كەشوهەوا لە ئەنجامی كاریگەریی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەكانمان، شەپۆلێكی هەورەبروسكە و تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە دەست پێ دەكاتەوە، بۆ رۆژی چوارشەم 10/4/2024 كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان، كاریگەریی ناجێگیری كەشوهەوا زیاتر دەبێت لەسەر ناوچەكە و تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسكەی بەهێز چالاك دەبێت، لە كات و شوێنی جیاوازدا و لە هەندێ ناوچەش ئەگەری بارینی تەرزە دەبێت.
روونی كردووە، پلەكانی گەرما شەش تا هەشت پلە بەراورد بە سبەی نزم دەبێتەوە، بای باكوری رۆژهەڵات چالاك دەبێت بەتایبەت لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، كاریگەریی ئەم ناجێگیرییە ئێوارەی رۆژی چوارشەم 10/4/2024 لاواز دەبێت، تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەم 11/4/2024 ناوبەناو لە هەندێ شوێندا هەورەبروسكە و تاوەبارانی كورتخایەن بەردەوامی دەبێت و پاشان كۆتایی پێ دێت.
وەڵام بدەوه