زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە و بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە كورد و سوننە و شیعە، حكوومەتی نوێی عێراق پێك نەهاتووە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی نوێ هەنگاو دەنێت و دۆخی سیاسی بەرەو خراپی دەڕوات.
مەحموود عوسمان، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی عێراق بەرەو خراپی دەڕوات و لایەنی سەدر لە پڕۆسەی پەرلەمان و حكوومەت ڕۆیشتووەتە دەرەوە و لایەنی دووەمی شیعەش نازانن چ بڕیارێك بدەن، بەهۆی كێشەی شیعەكانەوە كورد و سوننەش نازانن چە بڕیارێك بدەن، هیچ ڕوون نییە و دۆخەكە خراپە و حكوومەتێك بڕوا ناكەم دروست بكرێت و سەركەوتوو بێت".
مەحمود عوسمان دەشڵێت: "زۆریەك لە لایەنەكان باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تر دەكەن، دەڵێن ناتوانین بەبێ موقتەدا سەدر حكوومەتێكی سەركەوتوو دروست بكەین، بۆیە چاوەكان زیاتر لەسەر ئەوەیە بەرەو هەڵبژاردن بڕۆن".
مەحموود عوسمان گوتیشی: "بڕیارەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت، یان بەرەو هەڵبژاردنی نوێ، دەكەوێتە پاش جەژنی قوربان، ئەوکات تەواوی سیناریۆكان دەردەكەون".
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "لە عێراق دەستوور نەماوە و كەس جێبەجێی ناكات و جێبەجێش نەكراوە، تەنها لایەنیش کە دەیتوانیی دەور ببینێت، دادگای فیدڕاڵییە، ئەویش دادگای فایەق زەیدانە، خۆی دادوەرەكانی داناوە، ئەویش ئەو دادگا فیدڕاڵییە نییە کە لە دەستووردا نووسراوە، نەتواندراوە دادگای فیدڕاڵی دروست بكرێت، لە پەرلەمان نەیانتوانیوە ڕێک بكەون لەسەر دادگاكە کە دەستووری نییە و دادوەرەكان گوێڕایەڵی فایەق زەیدانن، بۆیە بۆ پشتبەستن نابێت".
مەحموود عوسمان باسی لەوەش کرد: ''دەبێت لایەنی كوردی یەكگرتوو بن و پێكەوە وەفدێكی یەكگرتوو دروست بكەن، نەك هەر لایەنە و بۆخۆی بڕوات لە بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكات، پێویستە بۆ كاندیدی هاوبەش كورد ڕێک بكەون، بەڵام نازانم ڕێك دەكەون، یان نا".
وەڵام بدەوه