پێشەنگ مەلازادە كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری دارایی و بانكدا، نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە بە ناونیشانی " حاسیبەكانتان دەربێنن"
ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینەكەیە وەك خۆی:
وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری لە خەرجكردنی تەنیا 568 ملیار دینار دا بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێویستە 940 ملیار دیناری مانگانە بنێردرێت.
بەم پێیە، 372 ملیار دینار كورتهێنان دەبێت لەو بڕەی كە حكوومەتی عێراق دیاری كردووە بۆ فەرمانبەران، ئەمەیش بە پاساوی ئەوەی كە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم، لیستی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەی نەناردووە تەنیا بە ژمارە ناردوویەتی.
لێرەدا ئەگەر دادگای فیدراڵ پێی وایە كە سەربەخۆیە لە بڕیاردان، با یەخەی وەزارەتی دارایی عێراق بگرێت و بڵێت لە هیچ كوێی دنیا لیستی مووچەی دەزگا ئەمنییەكان بە ناو خەرج ناكرێت، یان كۆدی سەربازییان هەیە یا تەنیا ژمارەی مووچەخۆرەكان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێت و ئەمیش پابەندە بە خەرج كردنی.
نەك هەر هەموو دنیا، دادگا ئەگەر بوێری ئەوەی هەیە با بڵێ لەمەودوا مووچەی حەشد و سوپای عێراقیش نابێ بێ وردبینیكردن خەرج بكرێت و دەبێت ئەوانیش لیستی مووچە بنێرن.
واز لەوەیش بێنن، ئێستە 372 ملیار كورتهێنان هەیە لەو بڕەی وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی شوبات رەوانەی كردووە، داهاتی مانگانەی حكوومەتی هەرێمیش 320 ملیار دینارە كە زیاتر لە 100 ملیار دیناری بۆ خەرجییەكانی حكوومەت و پڕۆژەكانە و نزیك 100 ملیاریشی بەشێوەی نەقد نییە.
دە حاسیبەكانتان دەربێنن، كە كەم و كۆتان كرد ... بۆتان دەردەكەوێ، هەموو ئامانج لە ناردنی ئەو بڕە تەنیا ئەوە نییە كە كوردستان لە ئاوەدانی و پێشكەوتن و پڕۆژە بوەستێت؟
پێشەنگ مەلازادە
ماستەر لە دارایی و بانك
وەڵام بدەوه