ئەم ساڵ بەشێکی زۆری مانگی رەمەزان دەکەوێتە مانگی ئادارەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیاند، لە یەکەم رۆژ بۆ پێنجەم رۆژی رەمەزان ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەتاو دەبێت و پلەی گەرما بە شێوەیەکی "بەرچاو" بەرز دەبێتەوە و خێرایی با ئاسایی دەبێت.
ئەو کەشناسە دەڵێت، لە رۆژی شەشەمی رەمەزانەوە بۆ رۆژی 11یەم، ئەگەری شەپۆلێکی "بەهێزی باران و هەورە برووسکە و لافاو هەیە.
محەممەد کەمال گوتیشی، 22 بۆ 24ی ئادار کە دەکاتە 12 و 13ی رەمەزان ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە و سێ رۆژی دواتر دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و دواتر شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەبارەی 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزانیش، محەممەد کەمال دەڵێت، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەی گەرما چەند پلەیەک بەرز دەبێتەوە، بەڵام کۆتا رۆژی رەمەزان ئەگەری شەپۆلێکی "لاوازی بارانبارین هەیە."
هەروەها دکتۆر کاوە عەلی، شارەزای کەشوهەوا راگەیاند، "مانگی رەمەزان مانگێکی باراناوی دەبێت. بەهێزترین شەپۆلی بارانبارین کە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە لە مانگەکەدا شەش بۆ 11ی رەمەزانە. لەو رۆژانەدا بارانی باش شەش رۆژ ناوچە جیاکان دەگرێتەوە، بەڵام پێکەوە لە هەموو ناوچەکان نابارێت و تاوەباران و بای بەهێزیشی لەگەڵدایە.
کاوە عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، لەو شەپۆلەدا ئەگەری لافاو لە ناوچە جیاکان دەبێت، بەتایبەت لە سنووری هەولێر، ئیدارەکانی راپەڕین و بەشێکی ئیدارەی گەرمیان. گوتیشی، "لە شەپۆلەکەدا لە هەندێک ناوچە نزیکەی 90 ملیمەتر باران دەبارێت."
وەڵام بدەوه