وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیارەكانی دادگای ناوبژیوانی پاریس پێنج خاڵن، چواریان لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئادار، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ڕای گەیاند، 80%ی بڕیارەكانی دادگای پاریس، لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانن.
زیاتر گوتی، كێشەمان نییە كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و داهاتەكەی بچێتە گەنجینەی حكوومەتی عێراق، بەڵام دەبێت شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.
وەزیری سامانە سروشتییەكان باسی لەوە كرد، بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان، پێنج بابەت لە خۆ دەگرێت، چواریان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانن. لەوانە ئیدارەدان، دەرهێنان، گواستنەوە و كۆگاكردنی نەوت لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە، تەنیا فرۆشتنی نەوتەكە لە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقە كە دەبێت لە رێی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت.
لە گوتارێكدا وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوە كرد، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا كە كابینەی خزمەتگوزارییە، هەزار و 90 مێگاواتی كارەبامان زیاد كردووە، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا 250 مێگاواتی تر كارەبا زیاد دەكرێن، هاوكات لەگەڵ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا، ژمارەی بەشداران و خواستی سەر كارەباش زیاد بووە. لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، 408 هەزار بەشداری كارەبا زیاد بوون.
لەبارەی سیستمی پریپەیدی كارەبا كەمال محەمەد ساڵح گوتی، "شەش پڕۆژەمان بەشێوەی تێست لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ سیستمی پریپەید جێبەجێ كردووە. سیستمەكە هەنگاوێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و خواستی كارەبای 40% كەم كردووەتەوە.
وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، ئەمڕۆ شەش وێستگەی گەڕۆكی كارەبایان لە سنووری دهۆك كردەوە. وەزیری كارەبا ڕای گەیاند، پڕۆژەكە بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ كراوە و لە ماوەی ساڵێكدا كارەكانی تەواو بوون. "هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆك سوودێكی زۆر لەم پڕۆژەیە دەبینن، بەتایبەت لە بواری دابەشكردنی كارەبا. هاوكات ئەو بارگرانییەی لەسەر وێستگەكانی كارەبای دهۆك هەبووە، كەم دەبێتەوە و كێشەی دابەزینی ڤۆڵتیش چارەسەر دەبێت.
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، "لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ حكوومەتی عێراق گەیشتووینەتە رێككەوتن. پێشتر حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری دابوو بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت، نزیكەی هەشت هەزار و 900 دینار بداتە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام دوای پێكهێنانی دوو لیژنە، بڕیار درا ئەو بڕە پارەیە بۆ 20 هەزار دینار بەرز بكرێتەوە".
كەمال محەمەد ساڵح دووپاتی لەوە كردەوە، زۆرینەی كێشەكانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ چارەسەر كراون، "تەنیا كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتەكە ماوە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان ئامادەین نەوتەكە هەناردە بكەینەوە".
وەڵام بدەوه