ئەمشەو شەممە 2/3/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "دوو شەپۆلی بارانبارینی پچڕپڕڕ و هەورەبرووسکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفربارین دەستپێدەکاتەوە."
ئاماژەی بەوەش داوە: "شەپۆلی یەکەم پێشبینیی دەکرێت لە سبەینێوە کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممه 3/3/2024، بەهۆی هاتنی نزمە پەستانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئاسمان لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێکی تاوەبارانی بەهاری سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە سەرەتای بارانبارینەکەش بە نمەباران لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و موسڵەوە دەستپێدەکات و لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ کاتی ئێوارە بۆ زۆربەی ناوچەکان لە (هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، ڕاپەڕین، ئیدارەی سۆران و زاخۆ، هەڵەبجە، گەرمیان، کۆیە و دەوروبەری) درێژ دەبێتەوە."
ئەوەشی خستووەتە روو: "کاریگەریی شەپۆلەکە بە پلەیەک لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە دەبێت کە بارانبارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و ئەگەری نمەباران بۆ تاوەبارانی مامناوەند هەیە."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشیگەیاندووە: "شەپۆلی دووەم شەپۆلێکی سەرتاسەری دەبێت و بارانبارینی مامناوەند و هەورەبرووسکەی بەهێز سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشبینیی دەکرێت لەم شەپۆلەدا بارانی باش لە زۆربەی ناوچەکان ببارێت و سەرەتاش لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6/3/2024، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێرەوە دەستپێدەکات، لە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، بە قووڵبوونەوەی شەپۆلێکی بەفربارین بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان بەفری زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت."
وەڵام بدەوه