Kurdistan Press - حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاندرا حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاندرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاندرا

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە سبەینێوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاویش، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2024، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ قائیمقام و بەرپرسانى فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی کە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.

ئەوەش خراوەتە روو کە لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدنی ڕەوشەکە و بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانەی کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ زستانى ئەمساڵ و وەرزى بارانبارین و رێگری و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازاروی گۆڕانی کەش و هەوا کراوە کرا، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پێشبینی نەکراو خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:

1- سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان ڕاسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.

2- سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕیوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ئاودێرى، ڕاسپێردران لەپاککردنەوەى ڕێرەى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسیان هەیە ببێتە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.

3- سەرجەم لایەن و فەرمانگاکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگی دابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.

4- دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارەکانەى کە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى گۆڕانکارى کەش و هەوا لەناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەر خەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و ڕوودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازرا، هەریەکه‌ و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیارە.

5- سەرجەم شار و سیتیەکانى هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.

6- ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواو دادەبن.

7- (بەرگری شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.

8- تیمەکانی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، دابەشدەکرێن بەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە: لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دووبارە جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەموو فەرمانگەکان کرایەوە و داواش لە هاووڵاتییان کرا هەمانگ و هاوکاریی تیمەکان و پابەندی ڕێکار و ڕێنوێنییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا