رۆژی دووشەممە 18-12-2023، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، رایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، 19-12-2023 ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەردەکەوێت و بڕیارە کاژێر 06:00ـی ئێوارە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا کۆمیسیۆن بە فەرمی رایبگەیێنێت، هەرچی ئەنجامی کۆتاییە دەمێنێتەوە بۆ دوای هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگە و سندوقانەی کە کێشەیان دەبێت ئیدی ئەمەیان دیارنییە بە رۆژێک یان دوو رۆژ کۆتایی پێدێت.
روونیشیکردەوە: "هێشتا روون نییە ئایا ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان دەردەچێت یان هەفتەی داهاتوو.
سەبارەت بە رێژەی دەنگدان، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ رێژەی بەشداریی لە دەنگدان 17٪ بوو، بەڵام دوای نیوەڕۆ رێژەکە زیاتر بوو و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد، پێشبینی دەکەین رێژەکەی بۆ 35 تاوەکو 40٪ و رەنگە زیاتریش بەرز کردبێتەوە.
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەمی 2023، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. ئەمڕۆ دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەبوو.
وەڵام بدەوه