وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو كۆتایی دەچێت، كەچی هێشتا پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی دەستی پێ نەكردۆتەوە و لەژێر هاندانی هەندێك لایەنی سیاسی، پرۆسەی خوێندن لەو دەڤەرە بایكۆت كراوە. لەمبارەیەشەوە هۆشداری دەدرێت.
هەینی قادر، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان راگەیاند: سەرەتا هەموو حزبەکانی سلێمانی کەیفیان بەو دۆخە دەهات، تەنانەت هانیان دەدان، ئێستا مەترسیی جدی هەیە کە خوێندنی ئەمساڵ لە قوتابییانی ناوچە بایكۆتكراوەكان بفەوتێت، گوناهەکەیشی دەکەوێتە ئەستۆی حزبەکانی سلێمانی، کە رۆڵیان لە هاندان و بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان بەو جۆرە هەبوو.“
هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئێستا ”دۆخەکە لە دەست ئەوانیش دەرچووە و ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، من ئاگادارم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی سلێمانی و دەوروبەری کۆبوونەوەیان کردووە، هەرچی دەیکەن ناتوانن و ناتوانن نیو دەوامیش بکرێت.
ئەوەشی خستە روو، کە بۆ ئەمساڵی خوێندن 50 هەزار قوتابی لە پۆلی یەک وەرگیراون، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو لە جێگاکانی خۆیان دادەنیشنەوە، لە هەمان کاتدا، ساڵێکی دیش زیاتر لەو ژمارەیە قوتابی بۆ پۆلی یەک وەردەگیرێنەوە، باشە ئەمانە چۆن جێگایان بۆ دەکرێتەوە؟، ئەمساڵ تەنانەت رێگە نەدرا کتێب بەسەر قوتابییان دابەش بکرێت و هۆڵەکانی خوێندن بکرێنەوە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی مامۆستایان دەشڵێت: ”ئێستا بەغدا توانای تۆپباران، هێرشی بەرامبەرمان نییە، بەڵام بەهۆی هەندێك دەستی ناوخۆییەوە شەقام لە دژمان دەجووڵێنێت، ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکوومەتی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، خۆ ئەگەرنا دەیتوانی مووچەی ئەو سێ مانگەی مامۆستایان لە چوارچێوەی بودجەی پەسەندکراوی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە بینێرێت و پابەندی جێبەجێکردنی بودجە بێت، بەڵام هەموو شتێکی تێکەڵ بە کێشەی سیاسی کردووە، بەتایبەتی قووتی فەرمانبەر و مامۆستایان.
وەڵام بدەوه