وەزیری کار و کاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكات، سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەن پێداویستی تایبەت بەمزووانە دەكەوێتە كار و چەند هەژمارێكی بانكیش دەكرێتەوە.
كوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە( فەرمانگەی میدیا و زانیاریی)ی ڕاگەیاند: "سندووقی شیاندن و چاودێریی كەمئەندامان لە یاسای ساڵی 2011 هاتووە و جێبەجێ نەكراوە، لەم كابینەیەدا پەیڕەوەكەی ئامادە كراوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پەسند كراوە، پاش ئەوەی ڕێنوێنی بۆ دەردەچێت، لە شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان چەند هەژمارێكی بانکی دەكرێتەوە."
ئاماژەی بەوەدا: "هەركەسێك لە خێرخوازان و خاوەن كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان، كە دەیانەوێت هاوكاریی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بكەن، لە رێگەی ئەو هەژمارە بانكیانەوە دەتوانن پارە بخەنە ناو ئەو سندووقە و دواتریش بەپێی پەیڕەو و بە چاودێری، بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ئەو توێژە خەرج بكرێتەوە
ئاماژەی بەوەش دا: "ڕێوشوێنی كاركردنی سندووقی شیاندن لەلایەكەوە هاندەر دەبێت بۆ كۆكردنەوەی داهاتێكی فراوان بۆ ئەو توێژانە و لەلایەكی تریشەوە پرۆسەی هاوكاریكردنیان بە شێوەیەكی دامەزراوەیی و بەردەوام ڕێك دەخات و بواری گەندەڵیی و خراپ بەكارهێنانی داهاتی كۆبووەوە ناهێڵێت."
كوێستان محەممەد، گوتیشی: "ئەوەی ئیدارەی سندووقەكە دەكات ئەنجوومەنی شیاندنە، جگە لە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان و چەندین وەزارەتی تێدایە، دواجاریش سندووقەكە دەكەوێتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی داراییەوە؛ لە ئەگەری خەرجكردنی داهاتەكە بۆ مەبەستێكی جیاواز لە ئامانجی سندووقەكە، تووشی لێپرسینەوە دەب.
لە 9ی ئابی 2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەسەر دروستکردنی سندووقی شیاندن بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان درا، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت كە بریتی دەبێت لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەی لە بواری تەندروستی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو توێژانە. ئەمەش یەكێكە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێم، كە مەبەستی سەرەكیی گرنگیدانە بەم توێژە و پێدانەوەی ڕۆڵ و گرنگییان لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا
وەڵام بدەوه