ئەمڕۆ یەكشەممە 26/11/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەی دووشەممە 27/11/2023، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، ڕایگەیاندووە: سبەی لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، سبەی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە درێژایی کاتەکان ھەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارانی ڕێژە مامناوەند و پچڕپچڕ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و سەنتەری پارێزگای دھۆک، ھەولێر، سلێمانی و ھەڵەبجە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و بارانەکە بەشێوەی بەردەوام دەبێت، ھەندێک کاتیش بارانەکە دەوەستێت، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و سنوری ئیدارەی گەرمیان کاریگەریی بارانەکە لاواز دەبێت، ھەندێک کاتیش ئەگەری نمەبارانی پچڕپچڕ و ھەندێك ناوچەش بارانی مامناوەند دەبێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی باسی لەوەش كردووە، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، دوو تا سێ پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی با زۆربەی كاتەكان چالاك دەبێت و لەنێوان 15 بۆ 30 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت.
ئاراس جەبار ڕوونیشی كردووەتەوە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و ھەولێر لە سبەی ئێوارەوە کۆتایی دێت، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و بە گشتی ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی كوردستان، تا کاتەکانی شەو درێژەی دەبێت. ئەم کەشناسە پێشبینیشی كردووە، ڕێژەی بارانی پێشبینیكراو لە ناوچە شاخاوییەكاندا، 15 تا 30 میللیمەتر بێت، لە سەنتەری پارێزگاكان و ناوچە نزمەكانیش، سێ تا 15 میللیمەتر بێت.
وەڵام بدەوه