ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هاوردەكارانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل) سوودمەندبن لە خزمەتگوزاریی پەنجەرەی حەواڵەی دارایی دەرەكی.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، بڵاوی کردەوە: "لە بواری رێكخستنی بازرگانی و كاری هاوردەكردنی هەندێك ماددە و شمەكدا، كە بازرگانان ناچارن پەنا بۆ بازاڕی نافەرمیی دراوە بیانییەكان ببەن، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هاوردەكارانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل و مۆبایل) سوودمەندبن لە پەنجەرەی حەواڵەی دارایی."
ئاماژە بەوە دراوە كە بڕیارەکە ئاسانكارییە بۆ هاوردەكارانی ئەو شمەكانە تاوەکوو دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ بدرێت و بەوەش دووربكەونەوە لە كڕینی لە بازاڕی نافەرمیدا.
بەپێی بڕیارەکە ئەو بازرگانانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە هەر 100 دۆلاریان بە 132 هەزار دینار پێ دەدرێ، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنوێنێ.
وەڵام بدەوه