ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ ماوەی 2 مانگ باج و گومرگ لەسەر خۆراکە سەرەکییەکان هەڵبگیرێت، بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گرانبوونیان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان، لە نووسراوەکەدا هاتووە: پشتبەست بە حوکمەکانی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 3ی ساڵی 1992 هەموارکراو، ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 79 لە 06/04/2022 و بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکی چاوەڕوانکراو لە بواری بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و ڕێگەگرتن لە گرانبوونی نرخ لە بازاڕ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە:
1-پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەڵگرتنی گومرگ بۆ ماوەی 2 مانگ لەسەر ئەو بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییانەی خوارەوە:
-ئارد
-برنج
-زەیتی گوڵەبەڕۆژە
-زەیتی گەنمەشامی
-ڕۆنی ڕووەکیی بەستوو
-ڕۆنی ئاژەڵیی بەستوو
-چای ڕەش
-شەکر
-پاقڵەمەنیی وشک (نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش)
-شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە
2-دواخستنی وەرگرتنی باج لە بازرگانانی هاوردەکراوی بەرهەمە خۆراکییەکان.
3-ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ هەمان بەرهەم و پێداویستییەکانی ئاماژەپێدراو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، هاوشێوەی ئاسانکارییەکانی سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە مەرجێک کوالێتی کۆنتڕۆڵیی خۆراک ڕەچاو بکرێت.
4-جێبەجێکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵ پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (133) لە 23/02/2022 بە ڕەچاوکردنی بڕگەی (1)ی بڕیارە.
5-بەردەوامبوونی کاروبارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە بە مەبەستی چاودێری نرخ و بازاڕ.
6-ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ ئەنجامی ڕێکارە پێشنیارکراوەکانی ئاماژەپێدراو لە بڕگەکانی سەرەوە، دوای 2 مانگ لە جێبەجێکردنیان.
7-گشت وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.
وەڵام بدەوه