Kurdistan Press - لە مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆلیسان لە مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆلیسان | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆلیسان

ئەمڕۆ 19/10/2023 سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوانی خولێكی پۆلیس له‌ هه‌ولێر، وتارێكی پێشكه‌ش كرد، کە ئه‌مه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌تی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا ئەم كاتەتان باش.

پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گشت دەرچوانی ئەم خولە دەكەم، هیوادارم ئەنجامدانی ئەم خولە و ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزكردن و پێشخستنی تواناكانی كارمەندانی پۆلیس. ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە، دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزی و كارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. 

من خۆم لە نزیكەوە شاهێد و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆم كە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا ئەركەكانیان رادەپەڕێنن.

بەشێكی گرنگی ئەركی كارمەندانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە چۆن بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسووكەوت لەگەڵ هاووڵاتیان بە گشتی دەكەن و چۆن سەرپێچیكاران و تاوانبارانیش ملكەچی بەردەم دادگا دەكەن؟

هەروەها كارمەندانی پۆلیس كە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەریی یاسا دەكەن، دەبێ نموونەیەكی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتیان، بە تایبەتی كە ئێوە رۆژانە لە نزیكەوە پەیوەندیی راستەوخۆتان لەگەڵ خەڵكدا هەیە، پێویستە لە رەفتاركردن لەگەڵ خەڵك، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم و هەموو كارێكی نایاسایی بەدوور بگرن. هاونیشتمانییان دەبێ ئێوە بە بەشێك لە خۆیان بزانن و هەردوولاتان تەواوكەری یەكتر بن، لە پێناو ئامانجێكی هاوبەش كە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتیانە.

خۆشبەختانە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە كە بۆتە دەستكەوت و سیمایەكی گەشی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە و پەیوەندییە بەهێز و توندوتۆڵەی نێوان خەڵكی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەگەڕێتەوە.

پۆلیس و هێزەكانی تری ئاسایشی ناوخۆ، نابێ بە هیچ شێوەیەك، هیچ كەمتەرخەمی و نەرمییەك بنوێنن لە بەرامبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان تێك بدەن و ژیانی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ جیهان لە پێشكەوتنێكی خێرای تەكنەلۆژیا دایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان خۆیان لەگەڵیدا رابهێنن و لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان سوودی باش لە تەكنەلۆژیا وەربگرن كە بە دڵنیاییەوە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوخۆ دەكات و یارمەتیدەرێكی باشیشە بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن. 

لەم چوارچێوەیەدا ئەنجامدانی خولەكانی مەشقكردن و راهێنان و بەرزكردنەوەی ئاسایشی هۆشیاری و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەكانی ناوخۆ، كارێكی پێویست و گرنگە، هیوادارم لەسەری بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە ئەركەكانتان بەجێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیری بپارێزن.

جارێكی دیكەش پیرۆزبایی دەرچوونتان لێ دەكەم، هیوای سەركەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم، دڵنیام بە پشتیوانیی خوای گەورە و هیممەت و دڵسۆزی و كارامەیی ئێوە، كوردستانمان هەمیشە پارێزراو دەبێت. 

زۆر سوپاس.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا