ساڵانە لە ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، رێوڕەسمی چوارشەممە سووری بەڕێوەدەچێت. سەرەکیترین بەشی رێوڕەسمەکە، ئاگر کردنەوەیە. هاونیشتمانییان بەسەریدا باز دەدەن و لە دەوری هەڵدەپەڕن
گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە رووداوەکانی ئێوارەی چوارشەممەسووری، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 817 کەسیش بریندار بوون
بەگوتەی موجتەبا خالدی، گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، 34 کەس لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکاندان، 171 کەس ئەندامی لەشیان لەدەستداوە و 850 کەسیش بە تووندی یان بەشێوەی مامناوەند سووتاون
ئەمین رەحیمزادە، لێکۆڵینڤان و ئەفسانەناس دەڵێت، "چوارشەممەسووری رێوڕەسمێکی کۆنی کوردییە کە تێیدا ژنان و پیاوان ئاگریان کردووەتەوە، ژن و پیاو بە دەوریی ئاگرەکەدا سوڕاونەتەوە و لەو هەلپەڕكێیە ئایینییەدا داوایان لە خودای گەورە کردووە ژیانێکی تەندروست و بەختەوەریا پێبدات، لەکۆندا ئەوە وەکو کردارێکی ئایینیی بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا تەنیا وەکو کردارێکی کۆن بەڕێوەدەچێت
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی هەتاوی و کوردی کە بەیانییەکەی دەبێتە چوارشەممە رێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوە دەچێت. چوارشەممەسووری وەک رێوڕەسمێکی کۆن لە قەڵەم دەدرێت کە لە سەردەمە کۆنەکاندا بە کردنەوەی ئاگر لە بەرزاییەکان لەو رۆژەدا مزگێنی نزیکبوونەوەی نەورۆز بە خەڵک دراوە، بەڵام لەم ساڵانە دیاردەی یارییە ئاگرینەکان کە هەندێجار زۆریش مەترسیدارن، شێوازی نەریتی رێوڕەسمەکانی گۆڕیوە
چەند ساڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکڤانانی مەدەنی لە بەرەبەری چوارشەممەسووری بە رێکخستنی کەمپینی نا بۆ یاری ئاگرین، هەوڵدەدەن ئەو رێوڕەسمە بێ قوربانیدانی گیانی تێپەڕێت. هانی هاونیشتمانییان دەدەن لەجێگەی یاری ئاگرین، بە ئاگرکردنەوە و ئاهەنگگێڕانی خێزانی چوارشەممەسووری بەڕێبکەن
وەڵام بدەوه