Kurdistan Press - قەرز دەدرێت بە هاوڵاتیان قەرز دەدرێت بە هاوڵاتیان | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

قەرز دەدرێت بە هاوڵاتیان

بەرپرسێكی (پڕۆژەی گەشانەوە) رایگەیاند، تاوەكوو مانگی 11ی ئەمساڵ دەرگای داواكاریی قەرز كراوەیە و پاشان چوار ملیۆن دۆلار قەرز دەدرێتە خاوەنی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان.

نەهرۆ جەوهەر، جێگری بەڕێوەبەری (پڕۆژەی گەشانەوە)، رایگەیاند: "گەشانەوە دەستپێشخەرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ پێدانی قەرز بە پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی، ئەوەی جیاوازە ئەوەیە، پڕۆژەكە بە هاوبەشیی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتە."

ئاماژەی بەوەش دا: "بۆ پڕۆژەكە، لە قۆناغی یەكەم چوار ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە، پارەكە زۆر نییە، بەڵام چونكە پڕۆژەكە قۆناغی تاقیكارییە، ئەگەر سەركەوتوو بوو، ئەوا بودجەی زیاتری بۆ تەرخان دەكرێت، ئەوانەی قەرزیشیان پێ دەدرێت، بەرزترین بڕی قەرزەكە دەگاتە 150 ملیۆن دینار."

باسی لەوەش كرد، ئێستا دەرگای پێشكەشكردنی وەرگرتنی قەرزەكە كراوەیە، گوتیشی: "داواكاری بەشێوەی ئۆنڵاین پێشكەش دەكرێت، تاوەكوو مانگی داهاتوو داواكاری وەردەگیرێت و فۆڕمەكان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و دەست بە پێدانی قەرز دەكرێت، قەرزەكەش لە رێگەی بانكی جیهانەوە دەدرێت."

نەهرۆ جەوهەر، روونیشی كردەوە، رێكارەكانی پێدانی قەرزەكە كەمێك زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەیە قەرز بدرێتە خەڵكی شایستە و شوێنی خۆی بگرێت، گوتیشی: "دەمانەوێت كەسانێك وەری بگرن، كە پڕۆژەیەكیان هەیە و پێویستیان بە پارەیە بۆ ئەوەی پرۆژەكەیان گەورە بكەن و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنن."

جەختیشی كردەوە: "ئەوەی قەرزی پێ دەدرێت، دەبێت ساڵێك زیاتر بەسەر پڕۆژەكەی تێپەڕ بووبێت، چونكە ئەوانەی تازە پڕۆژە دادەنێن، هەندێكیان پڕۆژەكەیان باش و جوانە، بەڵام ئەگەری شكستیان هەیە، بەتایبەت لە سێ بۆ شەش مانگی یەكەمدا، بۆیە مەرجەكە ئەوەیە ساڵێك بەسەر پڕۆژەكە تێپەڕ بووبێت."

بەرپرسەكەی (پڕۆژەی گەشانەوە) گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی پێدانی قەرز و فراوانكردنی پڕۆژەكان، هەلی كار بۆ دەرچوانی دانەمەزراو و بێكاران بڕەخسێنین."

جەختیشی كردەوە، مەرجی پێدانی قەرزەكە ئەوەیە، كە كەسەكە مووچەخۆری حكوومەت نەبێـت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵدا بێت و دەبێت پڕۆژەكەیشی لە تۆماری كۆمپانیاكان تۆمار كرابێت، گوتیشی: "كاتی خۆی تۆماركردنی كۆمپانیا زۆری دەویست، ئێستا زۆر ئاسانە و ئۆنڵاینە و 150 بۆ 200 هەزار دینارێك تێچوویەتی."

مانگی 11ی ئەمساڵ دەرگای داواكاریی قەرز دادەخرێت و خۆتۆماركردنیش لە رێگەی ئۆنڵاینەوە دەبێت.

جێگری بەڕێوەبەری (پڕۆژەی گەشانەوە)، جەختی كردەوە: "رێكارەكانی پێدانی قەرزی گەشانەوە سەداسەد حەڵاڵە، چونكە هیچ سوودێك ناچێتە سەر قەرزەكە، راستە بانكی ئەهلی قەرزەكە دەدات، بەڵام پارەكە هی حكوومەتە و بە رسووماتی 2% قەرزەكە دەدرێت و هیچ بارمتەیەكیش وەرناگیرێت، ئەو رسووماتەش ئاساییە و لە لێژنەی فەتوا یەكلایی بووەتەوە، ئەوەش هەمان رسووماتە، كە لە فەرمانگەكان وەردەگیرێت."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه