ھەموو شتێک یەکلاییکرا، ئەگەر ئەو قەرزەی بەھەرێمی کوردستان دەدرێت سوودی بچێتە سەر کێ ئەو سوودە دەدات.
کوردستان_پرێس.
ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، چەند رێکارێکی کارگێڕی هەیە تەواو دەکرێت و 700ملیار دینارەکە دەنێردرێت. دەشڵێت: "ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارەی بۆ مووچە بە قەرز ڕەزامەندیی لەسەر دراوە، بۆ ئەو سێ مانگە دەنێردرێت و کێشەی نییه.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: دوێنێ لێژنەی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو سێ بانکە (رەشید، رافدین، TBI) کۆ بووینەوە، کە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵ راسپێدرابوون بۆ ناردنی سێ وەجبە پارەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، هەروەها لە ماوەی یەک دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە بەرامبەر پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی.
ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بانکەکان ئاماژەیان دا بەوەی، پێدانی ئەو قەرزە پێویستی بە چەند رێکارێکی کارگێڕی هەیە کە تەواو دەکرێن و پارەكە دەنێردرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: هەندێک لەو پەرلەمانتارانە داوای ئەوە دەکەن، ئەوانیش قەرز بۆ پارێزگاکانی خۆیان وەربگرن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، هیچ رێگرییەکی یاسایی بۆ ناردنی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە، گوتیشی: ئەمە قەرزە دەبێت لە پشکی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، قەرزەکە یان لە پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان دەگێڕدرێتەوە، یانیش لە پشکی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان دەگێڕدرێتەوە، بۆیە هیچ پێشێلكردنێکی یاسایی تێدا نییە.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەوەی ئایا ئەو قەرزە سوودی لەسەرە یان نا، گوتی: "بەرپرسانی ئەو بانکانە گوتیان ئەمە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکەکانە و هێشتا بڕیاریان لێ نەداوە، بەڵام لە بارمتەی ئەو قەرزە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئەسپاردەیەکی هاوتای قەرزەکە لەو بانکانە دادەنێت، تا کاتی گێڕانەوەی بڕی قەرزەکە لە پاکتاوی دارایی پشکی هەرێمی كوردستان، لە بودجەی ئەمساڵ، یان لە بودجەی ساڵی داهاتوو.
نەرمین مەعرووف گوتیشی: ئەگەر ئەو قەرزەی بە هەرێمی کوردستان دەدرێت سوودی بچێتە سەر، دەبێ حکوومەتی فیدڕاڵ بیدات، ئەمە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.
ئەو پەرلەمانتارە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دڵنیا کردەوە: "ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارەی بۆ مووچە بە قەرز ڕەزامەندیی لەسەر دراوە، بۆ سێ مانگ دەنێردرێت و کێشەی نییه.
وەڵام بدەوه