Kurdistan Press - پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی ڕاپەڕین پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی ڕاپەڕین | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سی و یەكەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تاك تاكی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. 
ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، ویستی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا هەبووه و دەشمێنێ. شانازییەکی تری ڕاپەڕین یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەکان و پلان و دووربینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بوو. ئەم یەکڕیزییە بووە فاکتەرێکی بەهێز کە لە سەردەمێکی ئاڵۆز و تاریکدا سەركەوتن و ئازادی مسۆگەر بکرێت. 
ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو بۆ ئەوەی جیهان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە و، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت. هەروەها دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ پشتبەستن بە تواناكانی گەلی كوردستان و، وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی ساڵانی دوورودرێژ زەوتكرابوون. 
ڕاپەڕین هەڵگری بەها و وانەی گەورە بوو. لە ڕاپەڕیندا گەلی کوردستان، نموونەی بەها و ڕەوشتبەرزی و فەرهەنگی خۆیشی پێشانی جیهانیان و ناوچەکە دا. بە هەزاران سەربازی سوپای ڕژێم کەوتنە دەست خەڵک و پێشمەرگە، بەڵام تەنانەت یەک کەسیشیان ئازار نەدران و سەرپشک کران کە بچنە دەرەوەی وڵات، یان لە کوردستان بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە ناو حکوومەت.
لە یادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١ی كوردستاندا جەخت لە پەیامی ئاشتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە. ئەم پەیامە دەبێ بۆ تاهەتایە بەرز و زیندوو بمێنێتەوە.
مسعود بارزانی
٥ـی ئاداری ٢٠٢٢

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه