دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو، بەهۆی باشی جۆر و کوالێتی پەتاتەکە، زنجیرە رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵدز لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن داوای پەتاتەی کوردستان دەکەن.
رۆژی دووشەممە (31ـی تەمموزی 2023) باوەڕ سابیر خۆشناو، بازرگانێکی شاری هەولێرە راگەیاند،ھەشت کۆنتێنەر کە پێکهاتبوو لە 300 تۆن پەتاتە کە لەلایەن جووتیاران هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئیمارات کردوو و لەوێش سێ کۆنتێنەر بۆ وڵاتی عومان و پێنج کۆنتێنەریش لە دوبەی فرۆشراوە.
لەبارەی نرخی پەتاتەی هەرێمی کوردستان لەچاو پەتاتەی وڵاتانی دیکە، باوەڕ سابیر خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی باشی کوالێتی پەتاتەی کوردستانەوە، لە هەر تۆنێک زیاتر لە 80 دۆلار، نرخی پەتاتەی کوردستان زیاتر لە نرخی پەتاتەی میسر و پاکستان.
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەکرد، لە هەولێرەوە تا بەندەری ئوم قەسڕ لە بەسرە و دواتریش لە رێگەی ئاوییەوە بۆ دەگەیەندرێتە بازاڕی سەوزە و میوەی دوبەی، هەروەها باسی لەوەشکرد کە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە بۆ گەیاندنی بارەکانیان تا بەسرە بەبێ هیچ کێشەیەک لە بازگەکان، هاوکات داواشیکرد، ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە پەتاتە هەناردە بکەن کە تێچووەکەی کەمترە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باوەڕ سابیر خۆشناو روونیکردەوە، دەیانەوێت ئاسانکارییان بۆ بکرێت کە پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی ئازەرباینجان بکەن بەهۆی ئەوەی نرخی پەتاتە لەو وڵاتەن بۆ تۆنێک دەگاتە 800 دۆلار کە ئەمەش سوودی زیاتر بە جووتیاران دەگەیەنێت.
هاوکات ئاشکرایکرد، کە زنجیرە رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵدز داوایان کردووە کە پەتاتە بۆ سەرجەم لقەکانیان لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن دابین بکەن، دوای ئەوەی نموونەی پەتاتەی هەرێمی کوردستانیان بینیوە و کوالێتەکەیان پێباشبووە، باسی لەوەشکرد، کە ئێستا لە قۆناغی رێککەوتندان، داوایان کردووە لە هەفتەیەکدا 500 بۆ هەزار تۆن پەتاتەیان داواکردووە بۆیان دابینبکرێت.
باوەڕ سابیر خۆشناو جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لە کۆگاکان بۆ ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتەی بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی بەردەستە و هاوردەکردنی پەتاتە پێویست نییە، هاوکات لە پلانیاندایە بەرهەمەکانی پیاز، خەیار و کولەکە کە بەرهەمی زیاتر خۆراگرن، هەناردەی بازاڕەکانی کەنداوی بکەن.
وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادیکردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، لەو رێژەیەشدا، 10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن.
هەروەها بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.
جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.
وەڵام بدەوه