حكوومەتی عێراقی فیدرال، بەو بودجە و مووچەیەی كە دەوروبەری 10 ساڵە لە خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، یەدەگێكی زۆری كۆ كردووەتەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق لە دوایین ڕاگەیاندراویدا ئاشكرای كرد، یەدەگی نەختینەیی دۆلاری عێراق لە كۆتایی مانگی ئایاری 2023دا بۆ 111 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە، هەروەها یەدەگی زێڕیش بۆ 132.7 تەن زیادی كردووە و وڵاتەكە لە ڕیزبەندیی 30یەمین وڵاتدایە لە یەدەگی زێڕدا، لە كاتێكدا تەنیا ساڵی رابردوو لە ڕیزبەندیی 38دا بووە.
هەرچەندە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری بانگەشەی ئەوە دەكات كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، عێراق یەدەگی خۆی بەرز كردووەتەوە، بەڵام ئابووریناسان و سیاسەتمەداران بۆچوونی جیاوازیان هەیە و زۆرینەش لەسەر ئەوە كۆكن كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو یەدەگەی عێراق، پارە و شایستەی هەرێمی كوردستانە كە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لێی بڕاوە. ئەمە جیا لەوەی لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستدا هیچ خزمەت\وزارییەكی ئەوتۆ نابینرێت.
لەمبارەیەوە د.محەمەد عوزێری، پسپۆڕی ئابووری، ڕاگەیاند، 100% حکوومەتی عێراق لەو كاتەوەی قووتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە، پارەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی لە بانکی ناوەندیی عێراقدا وەك یەدەگ ھەڵگرتووە، چونكە ساڵانە لە یاسای بودجەی عێراقدا پارە بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، بەڵام ئەو پارەیە خەرج نەكراوە و لە خەزێنەكانی عێراقدا ماوەتەوە و بووەتە یەدەگ، ئەگینا پێش بڕینی بودجەی عێراق، بانكی ناوەندی یەدەگێكی ئەوتۆی نەبووە.
جەختیشی كردەوە كە ئەوەی ئێستا لە بانكی ناوەندیی عێراقدا وەك یەدەگ هەڵگیراوە و عێراقییەكان بە دەستكەوتی دەزانن! لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستانە و ”کۆکراوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستانە کە چەندین ساڵە حکوومەتی عێراق مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە و ئێستا یەدەگی خۆی پێ بەرز دەکاتەوە.
ئەو ئابووریناسە ڕوونیشی كردەوە: ”حکوومەتی عێراق غەردێکی زۆری لە خەڵکی کوردستان کردووە، ساڵانێکی زۆرە خەڵکی کوردستانی برسی کردووە، بەڵام ئێستا باسی پارەی یەدەگی خۆی دەکات. هەرچەند ئێمە وەک هاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، بە مافی خۆمانی دەزانین داوای بەشێکی ئەو یەدەگە بکەین، چونکە ئەوە مافی خۆمانە و قۆرخیان کردووە.
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە ئابووری، پێویستە ھەموو نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە یەک دەنگ داوای مافی خەڵکی کوردستان بکەن، ”ئەگەر بۆچوونێکی جیاوازیان ھەیە، دەبێ بۆچوونەکانیان یەك بخەن، چونکە ئەوانە بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵک بوونەتە نوێنەری خەڵکی کوردستان، بەداخەوە حکوومەتی عێراق بە درێژایی مێژوو زوڵمی لە میللەتی کورد کردووە، کەچی ھەندێک پەرلەمانتاری كورد لە عێراق دژایەتیی خەڵكی کوردستان دەکەن و لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی عێراقی کار دەکەن، بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە کوردانە بۆنی خیانەتیان لێ دێت، بە ئاشکرا دژایەتیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن، پێشینان قسەیەکی جوانیان ھەیە دەڵێت، دار ئەگەر کرمی لە خۆی نەبێت تەمەنی ھەزار ساڵە
وەڵام بدەوه