Kurdistan Press - گەندەڵیەکی گەورە ئاشکرابوو. گەندەڵیەکی گەورە ئاشکرابوو. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

گەندەڵیەکی گەورە ئاشکرابوو.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ئەنبار بۆ میدیاكانی عێراق ئاشكرای كرد، دەوروبەری پێنج هەزار مامەڵەی خانەنشینی كە لە نێویاندا كەسوكاری تیرۆریستانی داعش هەن، بە شێوەیەكی نایاسایی لە پارێزگای ئەنباردا كراون.

ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەڕی (المعلومة)ی عێراقی راگەیاندووە، لێژنەیەكی تایبەتمەند لە دەستەی خانەنشینی بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عێراقی، پێداچوونەوەی بەو مامەڵانەدا كردووە كە ڕەوانەی خانەنشینی كراون و دەركەوتووە دەوروبەری پێنج هەزار مامەڵەیان ساختەن (تزویر)، تەنانەت بەشێكیان كەسوكاری تیرۆریستانی داعشن.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە دەركەوتنی ئەو مامەڵە ساختانە پاش ئەوە هاتووە كە یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینیی ئەنبار چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەستگیر كراوە، لە كاتێكدا بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەكە (كە ساختەكارییەكان لە سەردەمی ئەودا كراون) سەركردەیە لە حزبی پێشكەوتن و لەوەتەی دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاندووە، نازاندرێت چی بەسەر هاتووە.

بەپێی ماڵپەڕەكە بێت، حكوومەتی خۆجێیی ئەنبار لە چەندان كردەوەی ساختەكردنی مامەڵەی خانەنشینیی تێوە گلاوە كە بەرامبەر بە بڕە پارەیەكی زۆر، خەڵكیان خانەنشین كردووە.

باسیش لەوە دەكرێت كە پێداچوونەوەی مامەڵەكانی خانەنشینیی پارێزگای ئەنبار تاوەكوو ئێستا بەردەوامن و ئەگەر هەیە ژمارەیەكی زۆر زیاتری خەڵكی بە نایاسایی خانەنشین كرابن.

ئەم گەندەڵییانەی لە ئەنباردا ئاشكرا كراون، بەشێكی كەمن لەو گەندەڵییە زۆر و زەوەندەی كە لە ئاستی میدیا و ڕێكخراوە جۆراوجۆرەكانەوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە باسیان لێوە دەكرێت كە دامەزراوەكانی عێراق بەهۆیانەوە بە تەواوی تووشی پەككەوتن بوون و هیچ پێشكەوتنێك لە بواری خزمەتگوزارییەكان بەسەر وڵاتەكەوە دیار نییە. 

چاودێران بەردەوام ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە ویستێكی ڕاستەقینە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا نییە، بەڵكوو كاتێكیش گەندەڵی لە شوێنێك ئاشكرا دەكرێت یان ڕێوشوێن دەگیرێتە بەر، زۆرتر بە پاڵنەری سیاسییە نەك پاڵنەری یاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی گەندەڵی، هەر بۆیە جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە زۆر ناوچەی عێراقدا گەندەڵیی زۆر گەورە هەن و كەس باسیشیان ناكات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه