Kurdistan Press - دواین پێشھاتە لەسەر بوودجەی عێراق دواین پێشھاتە لەسەر بوودجەی عێراق | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

دواین پێشھاتە لەسەر بوودجەی عێراق

رۆژی هەینی، 2-6-2023 د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023،  راگەیاند: تائێستا گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی وەکو خۆیان ماونەتەوە و بەهۆی ناکۆکیی لەسەریان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە، جگە لەوەش پرسی گواستنەوە لەنێو رەشنووسەکە ماوە، بەهۆی ئەو دوو هۆکارە هێشتا کۆبوونەوەی لیژنەکە دیارینەکراوە بۆ ئەوەی دوایین گۆڕانکاری بکرێت و رەشنووسەکە رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی بکرێت.

سەبارەت رێککەوتنی نێوان لایەنەکان لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو دەستکارییەی شەوی پێنجشەممە، 25-5-2023 لەلایەن لیژنەی داراییەوە لە رەشنووسی بودجە کرا، جەمال کۆچەر گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێکەوتن لەسەر مادەی 13 کراوە و هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتەکەی نییە چ هەناردەبکرێت یان لە نێوخۆدا بەکاربهێنرێت، واتە رازییە بەوەی نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ)بکات، ئەوەی دەمێنێتەوە مادەی 14یە و پێناچێت تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر کرابێت، روون نییە.

شەوی پێنجشەممە، 25-5-2023 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراقی پەسندکرد کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستانەوە و دەستکاریی ژمارەیەک بڕگەی ئەو دوو مادەیەی کرد کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکارییەکانی پرسی نەوت (داهات، هەناردە، هەژماری بانکی، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و نەینەوا)، ناکۆکی لەنێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی، بەکارهێنانی داهاتەکان و راکێشانیان، پاشەکەوتی مووچە و چەند پرسێکی دیکەی تێدایە، کە تەواو جیاوازن لەو رەشنووسەی حکومەتی عێراق رەوانەی لیژنەی دارایی کردبوو. 

عارف حەمامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی رێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو دەستکارییانەی لیژنەی دارایی لەسەر مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجە کردوویەتی  گوت: لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت گوتوبێژەکان و دانوستاندن بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی گونجاو بۆ هەردوولا هەیە و بەمنزیکانە رێککەوتن دەکرێت، بڕیاریشە لە نزیکترین کاتدا رەشنووسی بودجە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.

پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە؛ گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەى زیادکردنى دەسەڵاتى کۆمپانیاى سۆمۆیە لە کەرتى نەوت و ناچارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە چەند رێوشوێنێکى تایبەت بە پشکەکەى و خەرجکردنى.

لە بڕگەی یەکەمی مادەی 13ـی رەشنووسەکە، هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پابەندکراون بە رادەستکردنی لانیکەم 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)وە هەناردەبکرێت یان بۆ بەکارهێنانی لەنێوخۆدا لەلایەن پاڵاوتگەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی یان ئەو پاڵاوگانەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە و داهاتەکانی کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

لەکاتێکدا لە رەشنووسی پێشووی بودجە دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل هەناردەبکات لەگەڵ هەناردەی عێراق، واتە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیلی کوردستان بۆ دەرەوە یەکلاییکرابووەوە، بەڵام لە رەشنووسە نوێیەکە هەناردەکردن کراوەتە ئەگەر.

گۆڕانکاریی دووەم پەیوەستە بە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان، لەکاتێکدا بەپێی رەشنووسی پێشووی بودجە ئەو بڕەی دیاریکرابوو بە 400 هەزار بەرمیل، بەڵام لە رەشنووسە نوێیەکە نووسراوە "لانیکەم 400 هەزار بەرمیل" جگە لەوەش بڕگەی 11ـی مادەی 14 هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا.

بەپێی بڕگەی دەیەمی مادەی 14، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەنددەبن بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا کە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت، بەمەش بەپێی رەشنووسی بودجە کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەستکاری کراوە، هەرێمی کوردستان مەترسی لەدەستدانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. 

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه