سەرۆكی میلیشیای ناسراو بە (عەسایب ئەهل حەق)ی سەر بە حەشدی شەعبی، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بە كوشتنی ئیمامی عەلی كوڕی ئەبی تاڵب، خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدین تۆمەتبار دەكات.
ئەو قسانەی قەیس خزعەلی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدایە كە كەناڵی (العربية)ش بڵاوی كردۆتەوە و تێیدا قسە لەبارەی (فكری مەهدەوی) دەكات و دەڵێت: ”خاوەن ئاڵا سوورەكان كە مۆساد بوون، لە پشت تیرۆركردنیەوە بوون.“
ئەم قسانەی خزعەلی مشتومڕێكی گەرمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست كردووە و زۆربەی بەكارهێنەران بە توانجەوە باس لەوە دەكەن كە ئەو كاتەی عەلی كوڕی ئەبی تاڵب كوژراوە، نە دەوڵەتی ئیسرائیل و نە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بوونیان نەبووە. هەندێكیش دەڵێن خزعەلی نازانێ چی دەڵێت.
ئەمە یەكەمینجار نییە خزعەلی ئەم جۆرە قسانە دەكات، ماوەیەك لەمەوبەریش گوتبووی سەدام حوسێن بە ڕەگەز هیندییە و پشكنینی DNA ئەمەی دەرخستووە.
جێگەی باسە عەلی كوڕی ئەبی تاڵب لە ساڵی 40ی كۆچی كە بەرامبەرە بە هەردوو ساڵی (660 و 661)ی زایینی، شەهید كراوە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلیش لە ساڵی 1949 بە فەرمی دروست كراوە.
وەڵام بدەوه