وەزیری دارایی ئاشکرایکرد کە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە، بەئاگاداری و چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ دووشەممە 6/3/2023، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کە پێکهاتبوون لە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر بە وەکالەت و دێڤد کودێل بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری و جوشوا لویس کارمەندی سیاسی و ڤەهێل ئامێدی پسپۆڕی ئابووری و ووزە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
بەپێ ڕاگەیاندراوەکە، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر دواین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند: "لەچوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغداد ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووەو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە، بەئاگاداری و چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەند کردنی.
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و ڕایگەیاند: "ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیووە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانیەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردووە و بەردەوامیش دەبین.
ئاماژە بەوەش کراوە، زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت ستایسی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە سەر بودجە و دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات دەستخۆشی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرد بۆ یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
باسی ئەوەش کراوە لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر کەمی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ وەفدی میوان ڕوون کردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتە بەر.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندووە: "لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی ستایشی ڕۆڵی ئەمریکای کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ لێکنزیکبونەوەی هەرێم و بەغدادو داواشی کرد ڕۆڵی زیاتر ببینن لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان".
وەڵام بدەوه