ئهندامێكی لیژنهی دارایی له پهرلهمانی عێراق چەند وردەكارییەك لەبارەی پرۆژەبودجەی 2023ی عێراق ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: هەنگاوی باش و نوێ لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەبارەت بە پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا هەیە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پهرلهمانی عێراق، بە كەناڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەم مانگەدا یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان کە لیژنەی دارایی ڕەشنووسی یاسای بودجە دەخوێنێتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات.''
ئاماژەی بەوەش دا: "لەگەڵ ئەوەین بودجە تێپەڕێندرێت، بە مەرجێک کورتهێنانەکە ئاسایی بێت، وەکوو ئەو دەنگۆیانە نەبێت، کە دەڵێت 200 ترلیۆن دینارە."
ڕوونیشی کردەوە: "نرخی نوێی دۆلار لە بودجەدا بە 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەبێت و نرخی پێشوو كە 1450 دینار بۆ هەر دۆلارێك بوو لا دراوە.''
دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ڕایگەیاند: "بەم نزیكانە پرۆژەبودجەی 2023 دەنێرینە پەرلەمان."
موعین کازمی ئەوەشی خستە ڕوو: "لە بودجەدا مووچەی 74 هەزار پلەی وەزیفی نوێ مسۆگەر کراوە، هەروەها زیاتر لە 200 هەزار وانەبێژ دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاكی هەمیشەیی، جگە لە گواستنەوەی گرێبەستەکان و پرۆژەکانی وزە و تەندروستی، هەموویان لە بودجەدا مسۆگەر کراون.''
ئاشکرایشی کرد: پاری پێویست بۆ مووچە گەیشتووەتە نزیکەی 60 ترلیۆن دیناری عێراقی و پێی وایە دواخستن و پەسەندکردنی بودجە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی و حکوومەتدا نییە.
گوتیشی: "ئیرادەیەک لەنێو ڕەوتە سیاسییە پەرلەمانییەکاندا هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە و هەنگاونان بۆ پەسەندکردنی.''
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023ی عێراقی فیدراڵدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی: "دوێنێ شاندی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوت و دارایی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، گفتوگۆ لەسەر بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و ژمارەی فەرمانبەران لە کوردستان كراوە و هەنگاوی باش و نوێ لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەبارەت بە پشکی هەرێمی كوردستان هەیە، گفتوگۆکانیش تا ئێستا بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بكرێت.''
دوێنێ یەكشەممە 19ی 2ی 2023 ، د. جهمال كۆچهر، ئهندامی لیژنهی دارایی له پهرلهمانی عێراق ڕاگهیاند: "پێشبینی دەكەین لە دوو هەفتەی داهاتوودا، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵەوە پرۆژەبودجەی ساڵی 2023 بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت.''
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر لەو ماوەیەدا بودجە نەنێردرێت ئەوە قورس دەبێت و گوتیشی: "ئەگەر لەو ماوەیەدا پرۆژەبودجە بۆ پەرلەمان نەنێردرێت ئەوە زۆر دوا دەكەوێت و كێشە بۆ حكوومەتی عێراقیش دروست دەبێت.''
دوێنی یەكشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری گەیشتنە بەغدا، كۆبوونەوەكان بۆ گفتوگۆکان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2023ی كۆماری عێراقی فیدراڵ و پرۆژەیاسای نەوت و غاز دەستیان پێ كردووە و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لیژنەیەکی ھاوبەش پێک بھێنرێت بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
وەڵام بدەوه