Kurdistan Press - لەبارەی بەرزبونەوەی دۆلار بەرێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق ھاتە دەنگ. لەبارەی بەرزبونەوەی دۆلار بەرێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق ھاتە دەنگ. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لەبارەی بەرزبونەوەی دۆلار بەرێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق ھاتە دەنگ.

بەڕێوەبەرێكی گشتیی بانکی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد: ئەگەر100 دۆلار بگاتە 151 هەزار دیناریش هەر ئاساییە، بەڵام ئەگەر بگاتە 155 و سەرووتر ئەوە ئاسایی نییە.

باسم عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی عێراق، بە تەلەفزیۆنی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: " ئێستا هیچ پلانێکمان بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار نییە، مادام ئەم دۆخەی ئێستا گونجاوە و ئەم نرخە دەتوانێت سەقامگیری بەدیبهێنێت و دەتوانێ وەڵامدەرەوەی هەموو چالاکییە ئابوورییەکان بێت، چونکە زوو زوو گۆڕینی بەهای دراو کێشە دروست دەکات."

روونیشی كردەوە: "ئێستا ئێمە 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار بە بانكەكان دەفرۆشین، ئەوانیش بە 147 هەزار دینار دەیقرۆشنەو، لە بازاڕدا ئەگەر بەهاکەی گەیشتە 150 و 151، ئەمە بەگوێرەی عورفی نێودەوڵەتی قبووڵکراوە، ئێمە هەوڵدەدەین کە هەمیشە نرخەکە نزیکتر بێت لە 147 هەزار دینار."

ئەمرۆ لە بازارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهای 100 دۆلار 150 هەزار و 100 دیناری تێپەڕاند.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەگەر100 دۆلار بگاتە 150 و 151 هەزار دیناریش هەر ئاساییە، بەڵام ئەگەر بگاتە 155 و سەرووتر ئەوە ئاسایی نییە."

رۆژی 4ی 12ی 2022، شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بێ ئومێد بوونی ئەو هەوڵانە دەگرێتەوە كە لە ماوەی رابردوودا لە پەرلەمانی عێراقی هەبوون بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار."

ئەو هۆكارێكی دیكەش بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "بەرەو كۆتایی ساڵ دەچین، بەهۆی كۆتایی ساڵ و گەشت كردن خواست لەسەر دۆلار زیا دەبێت ئەوەش وا دەكات نرخی بەرز بێتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە ساڵی داهاتوو دۆخەكە بڕێك ئاسایی بێتەوە و بەهای دۆلار جێگیر بێت."

پێشتر د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکردبوو: "ئێمە لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی دارایی، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كردووە، لەبارەی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئەوانیش راپۆرتێكیان بۆ ناردووین و جەختیان كردووەتەوە، بانكی ناوەدی بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بكات."

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه