دوای هێرشەكانی شەوی رابردوو، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە سەرجەم بازگەكان كشانەوە و ئیستە پۆلیس شوێنیانی گرتوونەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، ئارزین شنگالی چالاكوان، راگەیاند، لە سنووری پارێزگای نەینەوا حەشد دەستی كردووە بە چۆڵكردن و كشانەوە لە بازگەكان و بنكەكانیان.
زیاتر گوتی، ئێستە بازگەی چوون بۆ شاری مووسڵ كە لە دەستی حەشدی شەعبی بوو، ئەویش بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەتەواوی چۆڵ كرا پۆلیس چووە شوێنیان.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە سنووری پارێزگای نەینەوا سەرجەم بارەگا و بنكەكانی حەشدی شەعبی لە ترسی هێرشەكانی فڕۆكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل چۆڵ كران، ئێستە لە شوێنی خۆیان نەماون و چۆڵن و بنكە و بارەگاكانیان نەماوە.
روونی كردەوە، ئەو چۆڵكردنە دیار نییە تاكەی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەندە دەزانرێت بەشێك لەو هێزە چەند بنكەیەكی نهێنییان لە ناو شار و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان كردووەتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەگەری زۆر هەیە ئەمەریكا و ئیسرائیل لە بارەگاكانی حەشد بدەن بە تایبەت ئەو چەكدارانەی كە پشتگیرییان بۆ ئێران دەربڕیوە.


وەڵام بدەوه