Kurdistan Press - سزای نوێ بەڕێوەیە بۆ عێراق سزای نوێ بەڕێوەیە بۆ عێراق | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سزای نوێ بەڕێوەیە بۆ عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق، وردەکاریی گفتوگۆیە هەستیارەکانی نێوان بەغدا و واشنتن ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەمەریکا لیستی ناوی چەندین کەسایەتی و گرووپی چەکداری ڕادەستی حکوومەت کردووە و هۆشداریی دەدات کە لە پرسی سزاکاندا واشنتن ئامادەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەک نییە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (حەدەس) ئاماژەی بەوە کرد: "لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گرووپە چەکدارەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە."
 جەختی لەوەش کردەوە کە واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات و بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو لایەنانە لەسەر جومگەکانی دەسەڵات، وەزیری دەرەوە ڕوونی کردەوە کە بەشداریی ئەو گرووپانە لە هەڵبژاردن و حکوومەت پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی سزاکانی واشنتن ڕوونە و ئەوان بەبێ گفتوگۆکردن جێبەجێی دەکەن.
تەنگژەی ئابووری و دیدگای تۆم باراک
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن ڕەتیکردەوە کێشە ئابوورییەکانی عێراق تەنیا پەیوەست بن بە بەشداریی لایەنێکی دیاریکراو لە حکوومەت، بەڵکوو هۆکارەکەی بۆ هەڵە لە بنەما و سیاسەتی ئابووریی وڵات گەڕاندەوە.
هەروەها پەردەی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی دیكەی گرنگ لادا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، کە تێیدا نێردە ئەمەریکییەکە دیدگایەکی توندی خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا تووشی شکست بووە.
 وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێک لە پێشنیازەکانی تیمی نوێی ئەمەریکا لەگەڵ دەستوور و واقیعی سیاسیی عێراقدا یەکناگرنەوە.
هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئاڵۆزییەکانی ئێران
لەسەر ئاستی ئەمنی، وەزیری دەرەوە هۆشداریی دا لەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق کۆتاییان نەهاتووە و وەک بەشێک لەو گرژییە سەربازییەی ناوچەکە وەسفی کردن. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و تەلئەڤیڤیش، دۆخەکەی بە چەقبەستوو ناوبرد و گوتی: "ئاڕاستەی ڕووداوەکان بەرەو دیالۆگ نین، بەڵکوو بەرەو ئاڵنگاری دەڕۆن، هەرچەندە ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوە کردووە."
جێی باسە، ئەم لێدوانە توندانەی فوئاد حوسێن هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناو تیمی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ و دەستبەکاربوونی نێردە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە کە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ و جیاواز لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه