لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 2025، سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی عێراق خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە كە حاڵەتی (ج)ی پێدەڵێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە: لە شەوی رابردووەوە سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی عێراق چوونەتە نێو حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو فەریق روكن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكان و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پاراستنی بنكە و سندووقەكانی هەڵبژاردن تەواو كراون و هێزە ئەمنییەكان رۆژی 6 مانگ دەكەونە حاڵەتی تەواوی ئامادەباشییەوە.
راشیگەیاندبوو: هیچ جۆرە قەدەغەیەكی هاتوچۆ لەناوخۆی پارێزگا و لەنێوان پارێزگاكانیش راناگەیەنرێت، مەگەر حاڵەتێكی لەناكاو بێتە پێشەوە.
هەروەها رایگەیاند: قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا لە حاڵەتی پێویستی زۆر تایبەت رادەگەیەنرێت، ئێستاش هێزە ئەمنییەكان ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ پاراستنی دەنگدەران و كاندیدان و كارمەندانی كۆمیسیۆن، بۆیە پێویست بە هیچ قەدەغەیەكی هاتوچۆ ناكات.
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەش دا كە ئامانجی سەرەكی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی بنكەكان و دابینكردنی كەشێكی ئارامە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئازادانە.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو رێكەوتی 11/11/2025 هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت.


وەڵام بدەوه