موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئەیلوول، داوای کرد دۆسیەی ئاوی عێراق لە "ململانێ و یەکترشکاندنی سیاسی" دووربخرێتەوە و زەنگی مەترسیی لێدا سەبارەت بە قەیرانی پیسبوونی ئاو، کە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو بۆ نزمترین ئاستی لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە.
ئەم هۆشدارییەی سەدر لە کاتێکدایە کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا دووپاتی کردبووەوە کە کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوە و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە هۆی دابەزینێکی گەورەی کۆگای ئاوی وڵات، و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ساڵی 2025 یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان لە ساڵی 1933ـەوە.
سەدر لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، مەسەلەیەکی مرۆییە و ناتوانرێت بێدەنگیی لێبکرێت. دوای قەیرانی ڕیشەداری کارەبا لە عێراقدا، ئێستا ترس لە قەیرانی پیسبوونی ئاو وردە وردە زیاد دەکات.
سەدر پۆستەکەی بە هاشتاگی "ئاوی عێراق لە پیسبوون ڕزگار بکەن" بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە ململانێی سیاسی بەلاوە بنرێت" و دەست لە "بڵاوکردنەوەی درۆ و یەکترشکاندنی سیاسی" لەم دۆسیەیەدا هەڵبگیرێت.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ پارێزگای عێراق شاهێدی دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی ئاو بوون، کە بووەتە هۆی دەرکردنی هۆشداریی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان.
وەڵام بدەوه